شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کەشوهەوای هەرێمی کوردستان
بارانبارین - ئەرشیف
بارانبارین - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بڕی بارانبارین زیاتر دەبێت.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژی سێشمەممە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر نزمە پاڵەپەستۆیەکی لاواز، بەمەش پێشبینی بارانبارین دەکرێت بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی، پێشبینی دەکرێت 10 ملم مەتر باران ببارێت".

گوتیشی: "پێشبینی دەکرێت دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە سەنتەری شاری هەولێر کەمێک باران ببارێت و شەوی سێشەممە لەسەر چوار شەممە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە".

روونیکردەوە: "هەور و بارانبارین لەناو شارەکان رەنگە چەند کاتژمێرێک لەناو شارەکان بەردەوام بێت، بەڵام لەناوچە شاخاوییەکان تا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت".

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بارستە هەوایەکی گەرم رووی لە ناوچەکە کرد، پێشبینی دەکرێت لە ئەمڕۆوە کەشوهەوا بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و پلەی گەرما 5-6 پلە دادەبەزێت".