ژنێك به كوژراوی له سنووری به‌رده‌ڕه‌ش دۆزرایه‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشه‌ممه (24ی ئایار/ مایۆی 2021) لە نزیك گوندی "زەوی رەش" لە سنووری قەزای بەردەڕەش، كە ئەم گوندە دەكەوێتە سەر رێگای مووسڵ - بەردەڕەش، تەرمی ژنێك دەدۆزرێتەوە، كه به چوار گوللـە كوژراوه و دەست و پێیەكانی گرێدراون.
عه‌مید "سەعدی بەرزنجی"، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بەردەڕەش بە كوردستان24ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ كاتژمێر 3:30 لەلایەن ھاووڵاتیانەوە ئاگاداركراونەتەوە، كە تەرمی ژنێك لە گوندی "زەوی رەش" لە سنوورەكەیان دۆزراوه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تیمی پۆلیسی بەردەڕەش ھەر زوو چونەتە شوێنه‌كه لێكۆڵینەوەیان لەسەر تەرمەكە ئەنجامی داوە، دواتر تەرمەكه‌یان رەوانەی نەخۆشخانەی پزیشكی دادی دھۆك كردووه.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای بەردەڕەش روونیكرده‌وه، كە ھێشتا دیار نییە ئەم ژنە كێیە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ھیچ ناسنامەیه‌كی پێنەبووە، روونیشكرده‌وه، پێشبینی ده‌كه‌ن تەمەنی لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵی بێت.
عه‌مید "سەعدی بەرزنجی"، ئاشكرای كرد، پێده‌چێت دوێنێ شەو ئه‌و ژنه كوژرابێت و فڕێدرابێتە ئەو شوێنە، كە بە چوار گوللـە كوژراوه و دەست و پێیەكانی گرێدراون.
د.ی