مه‌سرور بارزانی: شۆڕشی گوڵان تەمی نائومێدی رەواندەوە و ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم گەلی کوردستان کردەوە

"شۆڕشی گوڵان بووە هۆکار و بنەمای پێکهێنانی (بەرەی کوردستانی) و سەرەنجام سەرکەوتنی راپەڕینی ئاداری 1991"
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی (45)ـه‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، پیرۆزبایی ئاراسته‌ی گه‌لی كوردستان ده‌كات.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماه‌ی به‌وه‌ش كرد، "شۆڕشی گوڵان کە درێژکراوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو، تەمی نائومێدی رەواندەوە و ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم گەلی کوردستان کردەوە، کە بە خۆڕاگری و ئیرادەیەکی بەهێزەوە، بەردەوامی دا بە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

بە بۆنەی (45 )ـه‌مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.

بەڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە یادی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی و هەموو شەهیدان و تێکۆشەران و بەشدارانی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە.

شۆڕشی گوڵان کە درێژکراوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو، تەمی نائومێدی رەواندەوە و ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم گەلی کوردستان کردەوە، کە بە خۆڕاگری و ئیرادەیەکی بەهێزەوە، بەردەوامی دا بە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی.

لە یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، جەخت لە برەودان بە کارکردن بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە هاوخەباتی و کاری پێکەوەیی و تەبایی نێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان، بووە هۆکار و بنەمای پێکهێنانی (بەرەی کوردستانی) و سەرەنجام سەرکەوتنی راپەڕینی ئاداری 1991، کە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگ و شکۆدارەکانی شۆڕشی گوڵان.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

26/ 5/ 2021