(60) وتاری ئەکادیمی لە ماوەی ساڵێکدا!

Kurd24

یەکێک لە پۆڵسی و فەلسەفە و پرنسیپەکانی (ژیان) بریتیە لە پڕۆسەی فێربوون و بەخشین یاخود وەرگرتن و بەخشین (الٲخذ و العطاء - give and take policy) لەم چوارچێوەیەدا هەوڵمداوە بە (گوێرەی توانا) ئەوەی لە ماوەی پێنج ساڵدا لە پڕۆسەی خۆێندنی (ماستەر) لە ئەمەریکا فێری بووم لە کوردستان بیبەخشمەوە.

بۆیە لە ماوەی ساڵێکدا واتە لە رێکكەوتی (2020/5/26) تاکو (2021/5/26) بە دیاریکراوی (60) وتاری ئەکادیمیم بڵاوکردۆتەوە (واتە هەموو شەش ڕۆژ جارێک وتارێک) لە بوارەکانی (شارستانیەتی ئەمەریکا، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، ئابووری ئەمەریکا، دەستووری ئەمەریکا، سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەرامبەر بە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، هەروەها بابەتەکانی تری وەک گرنگی نووسینەوەی دەستوور و یەکڕیزی نیشتمانی و مرۆڤسازی و نیشتمانسازی و تاکە ڕێگا و باوەڕ بەخۆبوون و نەخشەڕێگای دەربازبوون و هۆشیاری و.....هتد) لینکی هەموو وتارەکانیش لە خوارەوە هاوپێچ کراون.

ئەمەی خوارەوەش وتاری ژمارە شەستەهەمینە بەناونیشانی:

عەقڵی کراوە و عەقڵی داخراو!

عەقڵی کراوە (Open minded) و عەقڵی داخراوە (Closed minded) دوو چەمکی گرنگن کە لە ئەمەریکادا زۆر گرنگیان پێ دەدرێت و بەکاردەهێنرێن، بۆیە بە کورتی لە خوارەوەدا ئاماژەیان پێدەکەین.

وتەیەکی بەنرخ هەیە دەڵێت "عەقڵی (گەورە) لێکدانەوە بۆ ئایدیاکان دەکات و عەقڵی (ناوەند) لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان دەکات و عەقڵی (بچووک)یش باسی خەڵک دەکات".

مرۆڤ بە هەبوونی نیعمەتی (عەقڵ و ژیری) لە بوونەوەرەکانی تر جیادەکرێتەوە، عەقڵیش بە جۆرەها شێواز پۆڵێن دەکرێت، یەکێک لە گرنگترین پۆڵینەکان بریتیە لە (عەقڵی کراوە و عەقڵی داخراو).

ئەو کەسانەی خاوەن (عەقڵێکی کراوەن) پێموایە خاوەن گەورەترین نیعمەتن، چونکە ئەو مرۆڤانە ئەوەندە ژیر و عاقڵن، کە بەرامبەرەکانیان وەک خۆیان قبوڵە، بە واتاێکی تر کەسێکی عەقڵ کراوە ڕێز لە خەڵکانێکی هەمەڕەنگ و جیاواز لە (خۆی) دەگرێت، ئەگەرچی لە شێوازی بیرکردنەوە و هەڵبژاردنی ڕەنگ و ستایلی ژیان و کولتوور و ئایین و مەزهەب و حزب و نەتەوەش جیاواز بن.

بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤی (عەقڵ داخراو) ئەو کەسانەن، کە تەنها ڕێز لە کەسانێک دەگرن کە وەک خۆیان بیردەکەنەوە و هەمان هەڵسوکەوت و تێڕوانین و نەتەوە و کولتوور و حیزب و ئایین و مەزهەبیان هەیە.

خۆشبەختانە ئەمڕۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان خاوەنی عەقڵێکی کراوەیە و بە دیدگایەکی (نیشتمانی و کوردستانی دایڤێرستی و هەمەڕەنگ) بەرنامەڕێژی دەکات بۆ نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ و مەدەنی) بە جۆرێک دەستووری هەرێم جیاواز بێت لە دەستووری هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، چونکە دەستووری هەرێم بە عەقڵێکی کراوەوە دەنووسرێت و ماف و ئازادی و بەرژەوەندییەکانی هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی تێدا دەستەبەر دەکرێت، ئەم دەستوورەش دەبێتە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و سەلمێنەر بۆ (کراوەیی عەقڵی) داڕێژەرانی بڕیاری کوردستان، بە پێچەوانەی دەستوورە (تاک ڕەهەندییەکانی) وڵاتانی دراوسێی وەک (عەڕەب و تورک و فارس) کە بە داخەوە لە دەستوورەکانیاندا تەنها ماف و ئازادی و بەرژەوەندییەکانی (نەتەوە سەردەستەکان) ڕەچاوکراوە، بە بێ گوێدان بە ماف و ئازادی و بەرژەوەندیەکانی (نەتەوە ژێردەستەکان) و پێکهاتەکانی تر!

بۆ خوێندنه‌وه‌ و بینینی ته‌واوی وتاره‌كانی دیكه‌، كرته‌ لێره‌ بكه‌:

٭ کـارۆخ خـۆشناو

سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوەی (ئەمەریکی-کوردی)