چەند تەقینەوەیەک پێگەی سەرەکی رژێمی سووریایان هەژاند

"زیاتر لە 100 کوژراویان لێکەوتووەتەوە"

K24-هەولێر

ئاژانسی هەواڵەکانی سووریا و روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاند کە چەند تەقینەوەیەک ئەمڕۆ دووشەممە هەردوو شاری تەرتووس و جەبلێیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس.

ئاژانسی هەواڵەکانی سووریا راشیگەیاند: زیاتر لە 20 کەس بەهۆی "سێ تەقینەوەی تیرۆریستی" کە ناوچەکانی ئەلگەراجات ئەلجەدیدە (کە ویستگەیەکی گردبوونەوەی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی هاوڵاتییانە) و زاحییە سەکەنییەیان کردە ئامانج لە شاری تەرتووس کوژران.

ئاژانسەکە گوتیشی: یەکێک لە تەقینەوەکان بە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە تەرتووس ئەنجامدرا و "دەرگای گەراجەکەی کردە ئامانج و خۆکوژێکیش خۆی بە ناوچەی زاحییەی سەکەنی بەرامبەر ناوچەی ئەلگەراجات ئەلجەدیدە خۆی تەقاندەوە".

ئاژانسی هەواڵەکانی سووریا ئاماژەشی کرد: "تەقینەوەیەک ئەمڕۆ گەڕەکی ئەلعمارەی لە شاری جەبلێ لە پارێزگای لازقییە کردە ئامانج هاوکات لەگەڵ خۆتەقاندنەوەی خۆکوژێک بە پشتێنەی بۆمبرێژکراو لە بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی نیشتمانی جەبلێ". لە کاتێکدا لازقییە بە پێگەی سەرەکی رژێمی بەشار ئەسەد هەژمار دەکرێ لەو وڵاتە.

هاوکات روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی بەرهەڵستکاری حکوومەتی سووریایە و بارەگای سەرەکی لە بەریتانیایە رایگەیاند: "چوار تەقینەوە هاوکات بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە شاری جەبلێیان لە باشووری پارێزگای لازقییە کردە ئامانج".

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتیشی: "چەند تەقینەوەیەک شاری تەرتووسیان لە پارێزگای تەرتووس کردە ئامانج".

بەپێی بەڕێوەبەری روانگەی روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رامی عەبدولرەحمان: ژمارەی تەقینەوەکان کە شارەکانی تەرتووس و جەبلێیان کردە ئامانج گەیشتە حەوت تەقینەوە و بوونە هۆی کوژرانی "100 کەس و برینداربوونی بەلانی کەم دەیانی دیکە".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە وا زیاتر لە پێنج ساڵە شەڕی نێوخۆیی لە سووریا بەردەوامە و بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 250 هەزار کەس و ئاوارەبوونی بە ملیۆنەها هاوڵاتیانی سووریا.

ئا: ئا ، ف