وڵاتانی "ئۆپێك پڵەس" لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموز ئاستی بەرهەم هێنان بەرزدەکەنەوە

هێشتا بڕیاریان له‌ مانگی ئاب نه‌داوه‌
به‌رهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن ئۆپێك پڵەس بەرزده‌بێته‌وه‌
به‌رهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن ئۆپێك پڵەس بەرزده‌بێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سەرچاوەیەك لە رێکخراوی ئۆپێك رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانەکانی بە ناوی ئۆپێك پڵەس رێککەوتن لەسەر ئاسانکاری لە بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموز.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كرد، رۆژی سێشەممە وڵاتانی "ئۆپێك پڵەس" کۆبوونەوەتەوە، تەنیا باسیان لە ئاسانکارییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت کردووە و باسیان لە سیاسەتی بەرهەمهێنان بۆ مانگی ئاب نەکردووە، بەڵکو بڕیاریان داوا لە کۆبوونەوەی داهاتوویان لە سەرەتای مانگی تەمووز بڕیار لە بارەی مانگی ئاب بدەن.

هەروەها وڵاتی سعوودییەش هەنگاو بە هەنگاو ئاستی ئەو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەکاتەوە، کە بە شێوەی خۆبەخشانە بڕیاریدابوو کەمی بکاتەوە، بە جۆرێك لە مانگی ئایار 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی کەمکردووەتەوە، لە مانگی حوزەیران 350 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و لە مانگی تەمموزیش 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی نیسانی رابردوو، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا، رۆژانە 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگەکانی ئایار تا تەمموز زیاتر بخاتە بازاڕەوە، پێشبینی کردبوو سەرەڕای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هیندستان، بەڵام خواستی جیهان بۆ نەوت زیاد بکات.

 

د.ی