کەڕووی رەش لە چی دروست دەبێت؟

پسپۆڕێکی نەخۆشیە گوازراوەکان: لە تەواوی ژینگەدا كەڕووی رەش هەیە
کەڕووی رەش
کەڕووی رەش

 

K24 – هەولێر

پسپۆڕێکی نەخۆشیە گوازراوەکان لە هەرێمی کوردستان، روونکردنەوە لەبارەی نەخۆشی کەڕووی رەش دەدات، و هۆکارەکانی تووشبوونی دەخاتەڕوو.

د. سەگڤان حەسەن، پسپۆڕ لە نەخۆشییە گوازراوەکان لە دهۆک بە کوردستان24ی راگەیەند: "نەخۆشی كه‌ڕووى ره‌ش، نەخۆشیەکی جیاواز نییە، نزیکەی 100 ساڵە ئەو کەڕووە دەستنیشان کراوە، لە هەموو جیهانیشدا ناسراوە".

روونیکردەوە: " لە تەواوی ژینگەدا كەڕووی رەش هەیە، لەناو خاک، هەوا، تۆز، پاشماوەی گیانەوەر، لە شوێنە شێدارەکان، یان لەناو ئەو خواردنانەی کۆن دەبن لەوانەیە کەڕووی رەش هەبێت".

د. سەگڤان، راشیگەیاند: "با خەڵک خۆی نەترسێنێ لە کەڕووی رەش، چونکە ئەوە نەخۆشییەکی نوێ نییە، بەڵام رێژەکەی لە کوردستان کەمە و کەمتر لە میدیا باسی کراوە. کاتێک نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە لە مرۆڤ دەردەکەوێت کە بەرگری لەشی لاواز بێت، ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەبێ و سیستمی بەرگری لەشی لاوازبێت تووشی نەخۆشی کەڕووی رەش دەبن، ئەگەر ئەو ھۆكارانە لە كەسێكدا كۆبوونەوە ئەوکاتە نەخۆشییەکە مەترسیدار دەبێت و ئەگەری مردن بە رێژەی لە 5٪ زیاد دەكات".

سەبارەت بە چارەسەرکردنی کەڕووی رەش، ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەدا: "نەخۆشییەکە چارەسەری هەیە، بەڵام پێویستە زوو دەستنیشان بکرێت و تووشبوو زوو چارەسەر وەرگرێت".

روونیشیکردەوە: "چەند جۆرێک کەڕووی رەش هەیە، ئەگەر مرۆڤ لە پێست تووشبوو، زیاتر لە كەسانە دەردەكەوێت كە پێستیان سووتابێت، یان برین لە جەستەی هەبێ، ئەگەر مرۆڤ لە رێگەی هەناسە تووشبیت، کاریگەری لەسەر سییەکان دەبێت وەکو ڤایرۆسی کۆرۆنا، رەنگە کۆخە و تای لەگەڵ بێت، هەروەها جۆرێکی دیکە لەناو دەم و لوت تووش دەبێت، چارەسەری نەخۆشیەکە لە رێگەی نەشتەرگەری و لە رێگەی دەرمانیشەوە دەكرێت".

لەبارەی گواستنەوەی نەخۆشی کەڕووی رەش لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە، یان لە گیانەوەرەوە بۆ مرۆڤ، د. سەگڤان، گوتی: "ئەو جۆرە نەخۆشییە ناگوازرێتەوە، بۆیە مەترسی بڵاوبوونەوەی بە خێرایی کەمە و هیچ پەیوەندییەکی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە".

سەبارەت بە خۆپاراستن، ئەوەی خستەڕوو: "بە گشتی مرۆڤ پێویستە خۆی لە تۆز بپارێزێ، بەتایبەتی لە خانووە کۆنەکان ئەوانەی رێژەی شێداریان زۆرە، هەروەها ئەو کەسانەی لە گوندەکان مامەڵە لەگەڵ پاشماوەی گیانەوەران دەکەن، پێویستە دەستەوانە بکەنە دەستیان و دوای ئیشکردن دەستەکانیان بە سابون بشۆن، هەروەها گرنگە خەڵک میوە و سەوزەی نوێ بخۆن، چونکە ئەگەری هەیە کەڕووی رەش لەناو میوەی کۆندا هەبێت".

باسی لەوەشکرد: "ئەو کەسانەی دەرمانی کیمایی بۆ نەخۆشییەکانی درێژخایەن بەکاردێنن، چونکە بەرگری لەشیان لاواز دەبێت، ئەگەری زیاتر تووشبوونیان بە کەڕووی رەش هەیە".