دادگایەکی کۆریای باشوور راوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیای سزا دا
K24 - ئهڵمانیا:
دادگای تایبهتی باری خێزانی له کۆریای باشوور، لەسەر داواکاری هاوسهری پێشووی ژنە کۆرییەکەی "گێرهارد شرۆدەر"ی تەمەن 77 ساڵ، راوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا و ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیای بە بڕی 22 هەزار دۆلار سزادا، كه دهكاته (17 هەزار یۆرۆ).
شرۆدەر، ساڵی 2016 لە ھاوژینی پێشووی "دوریس کۆپف" جیابووەوە، پێش ئەو رووداوە، لەساڵی 2015دا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، "سویون کیم"ی کۆری ناسی و دواتر بووە هۆکاری جیابوونەوەی "کیم" لە مێردەکەی و "شرۆدەر"یش لە هاوسەرەکەی، ئەمەش وەک پەیمانێکی نهێنێ نێوانیان مایهوه و دوای چهند مانگێك "شرۆیدهر" و "سویون" هاوسهرگیریان كرد.
هاوسهری یەکەمی "کیم" رایگەیاند، "شرۆدەر" بەو هەڵسەوکەوتەی، هۆکاری لێسەندنی ژنەکەی بووە و بووهتە هۆی تێکچوونی خێزانەکەی و ئازاری دەروونی بۆهێناوە و ناحەقی بهرامبهر کردووە.
لە کۆتا بڕیاری دادگای سۆل، دوای ئەوەی "دۆیۆن" لە دادگا داوای 100 ملیۆن وۆنی کۆری کرد بوو، دادگا "شرۆدەر" ی ناچار کرد بڕی 30 ملیۆن وۆنی کۆری، کە دەکاتە 22 هەزار دۆلار (17 هەزار یۆرۆ) وەک سزا بە "دۆیۆن" مێردی یەکەمی هاوژینی ئێستای بدات.
به گوێرهی یاسا، له کۆریای باشوور رێگا نادرێت ژنی بە مێرد، بە حەزی خۆی پەیوەندی ژێر بەژێری ههبێت و ناتوانێت هاوسهرگیری لهگهڵ یەکێکی دیكهدا بکات ئەگەر ھێشتا پەیوەندی بەمێردەکەیەوە مابێت، بەپێی یاساکە دەبێت یەکەمجار جیابوونەوە لە دادگا پەسەند بکرێت، گەرنا دەکەوێتە چوارچێوەی تاوانی نامووسەوە.