فراکسیۆنی پارتی پێشوازی لە جێبەجێکردنی رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات

"ئەم هەوڵە وەک دەرگایەك دەیبینین بۆ کردنەوەی چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا"
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، پێشوازی له‌م هه‌وڵه‌ی "مه‌سرور بارزانی" سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ لەم ماوەیەدا بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەسەر پرسی بودجە، فراكسیۆنی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، سه‌رۆكی حكومه‌ت ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردووه‌تەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی لەم رێکكەوتنەدا لەپێناو گەڕاندنەوەی مافی خەڵکی کوردستان.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت لە رابردوودا ئاماژه‌ی پێكردووه‌، كه‌ جگە بودجە چەندین مەلەفی دیکە هەن، دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراقی چارەسەر بکرێن، دەکرێت پرسی ناردنی بودجە چارەسەری کێشەکانی دیکەش بەدوای خۆیدا بهێنێت.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان:

ئێوارەی دوێنێ بەڕێز سەرۆك وەزیران "مەسرور بارزانی" رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەیان کردووە و رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێدەکرێت.

ئێمە لەفراکسیۆنی پارتی پێشوازی لەم هەوڵە دەکەین و وەک دەرگایەک دەیبینین بۆ کردنەوەی چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

جێی خۆیەتی لێرەوە دەستخۆشی لەهەوڵە بێوچانەکانی بەڕێز "مەسرور بارزانی" سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەین، کە هەر دوو رۆژ دوای سوێندخواردنی وەک سەرۆک وەزیران بەدوای چارەسەری کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا، جگە لەوەی لەم ماوەیەدا بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەسەر پرسی بودجە و شاندی حکومەتی راسپاردووە و دەسەڵاتی رێکكەوتنی پێدان لەگەڵ بەغدا بە ئامانجی ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردووه‌تەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانی لەم رێکكەوتنەدا لەپێناو گەڕاندنەوەی مافی خەڵکی کوردستان.

وەک لەڕابردوودا بەڕێز سەرۆک وەزیران رایگەیاند، جگە بودجە چەندین مەلەفی دیکە هەن دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراقی چارەسەر بکرێن، دەکرێت پرسی ناردنی بودجە چارەسەری کێشەکانی دیکەش بەدوای خۆیدا بهێنێت.

 

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان