ئایا جەلادەکان دەبنە گوڵفرۆش!

Kurd24

K24- هه‌ولێر:

1-  ئەمڕۆ (74) ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کورستان تێدەپەڕێت، کە بریتین لە شەهیدان: (مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی، عیزەت عەبدولعەزيز و خەیروڵڵا عەبدولکەریم).

ئەم شەهیدانە لە (کۆماری کوردستان لە مەهاباد) پلەی فەرماندەیان پێدرابوو، بەڵام ئەفسوس پاش رووخانی کۆمار، گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان و لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەی عێراقەوە ده‌ستگیركران و لە سێدارە دران.

ئەوان و هەزاران شەهیدی تر لە (بەغدا، تاران، ئەنقەرە و دیمەشق) لە سێدارەدراون، دەیان ساڵە ئێمەی کورد چاومان لەسەر (بەغدا، تاران، ئەنقەڕە و دیمەشقە)، تاکو سێدارەکان هەڵبگرن، بەڵام سێدارەکان هەرلەوێن و نابزون، تەنها پەت و جەلادەکان دەگۆڕدرێن! ئێمەش هەر ئێمەین و هەرچاوەڕوانین جەلادەکان ببنە گوڵ فرۆش!

ئەفسەری شەهید (مستەفا خۆشناو) لە ساڵی‌ (1912) له گوندى (هەرمك)ى دۆڵی خۆشناوتی لەدایك بووە، ئەمەی خوارەوە نامەی شەهید (مستەفا خۆشناو)ـه‌، چەند کاتژمێرێك بەر لە سێدارەدانی:

"ئەی ئەوانەی لەسێدارەم دەدەن، بە ئاغاکانتان بڵێن، کە تۆڵەی خوێنم دەکرێتەوە، لە پەتەکەتان ناترسم، ئەوە ئەو پەتەیە کە بەرزم دەکاتەوە بەرەو شەهیدی پاڵەوانی کوردستان. سێ منداڵ لە دوای خۆم بەجێ دەهێڵم، دەزانن کە من لە پێناوی نیشتیماندا گیانم دەبەخشم، و هیوادارم کاتێك کە گەورە دەبن، شوێن نمونەی من بکەون لە ژیانیاندا."

مستەفا خۆشناو

19ـی 6ـی 1947، بغداد

2- پەیماننامەیەك بۆ دیاریکردنی هێڵی سووری نەتەوەیی و نیشتیمانی:

لە ئێستادا پێویستیەکی هەنووکه‌یی هەیە بۆ بوونی پەیماننامە، بۆ یەکگرتوویی گوتاری نیشتیمانی و دانانی هێڵی سووری نیشتیمانی، لە پێناو رێزگرتن لە یەکتر و گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا هەوڵێکی زۆر دراوە، بۆ نموونە هەوڵەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی و بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی و....هتد، بەڵام پێموایە سەرەتا پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆی چوار پارچەی کوردستان (بەجیا) یەك گوتاری نیشتیمانی بەرهەم بێت، ئینجا لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان هەوڵ بدرێت گوتاری نیشتیمانی و نەتەوەیی دروست بکرێت، بۆ نموونە ئێمە تاکو لەسەر ئاستی باشووری کوردستان یەك گوتاری نیشتیمانی و نەتەوەیی بەرهەم نەهێنین، ئەستەمە بگەینە یەك گوتاری نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ کوردستانی گەورە، یەك گوتاریش بە مانای سڕینەوەی جیاوازی نێوان لایەنەکان ناهێت، بەڵکو تەنها دیاریکردنی هێڵە گشتییەکان و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان و هێڵە سوورەکانی نیشتیمان دێت، بۆ نموونە:

خاکی کوردستان، ئاڵای کوردستان، سرودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)، سەرکردە مێژووییەکان، ئاسایشی نەتەوەیی، تەحریمی شەڕی ناوخۆ و بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان و...هتد، لە ئێستادا دەکرێت باشووری کوردستان بەهۆی ئەو قەوارەی لە چوارچێوەی دەستووردا هەیەتی، ئەم خاڵانە لەناو دەستووری (هەرێمی کوردستان)دا جێگیر بکات، کە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا کاری جدی لەسەر بکرێت، بەشەکانی تری کوردستانیش دەکرێت بە گوێرەی ئەو بارودۆخ و هەڵومەرجەی کە تێیدا دەژین، پەیماننامەیەك لە چواچێوەی لایەنەکانی خۆیاندا واژوو بکەن، ئینجا دەکرێت لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان پەیماننامەیەك بۆ دیاریکردنی هێڵی سووری نەتەوەیی و نیشتیمانی بنووسرێتەوە و واژوو بکرێت.

لە چەند هەفتەی رابردوودا کاتێك (6) پێشمەرگەی کورستان لەلایەن  (PKK)ـەوە شەهیدکران، دڵەڕاوکێیەکی زۆر کەوتە ناو خەڵکی کوردستان لە ترسی دووبارەبوونەوەی دێوەزمەی نەگریسی شەڕی ناوخۆ، ئەم ترسەش لە شوێنی خۆی بوو، چونکە (پەیماننامەیەك بۆ دیاریکردنی هێڵی سووری نەتەوەیی و نیشتیمانی) نەبوو، بەڵام بە هۆی تەحریمکردنی شەڕی ناوخۆ لەلایەن (سەرۆك مەسعود بارزانی) و زۆربەی سەرکردایەتی سیاسی هەرچوار پارچەی کوردستان، (دێوەزمەی شەڕی ناوخۆ) تاڕادەیەك رەواوەتەوە و دڵنیایی بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاوەتەوە.

3-  وانەیەك بۆ نەوەی تازە:

ساڵی (1994) کاتێك یەکەم گەڕی شەڕی نەگریسی ناوخۆ دەستی پێکرد، ئەو کات تەمەنم (17) ساڵ بوو، لە ئامادەیی رزگاری کوڕان لە هەولێر قوتابی بووین، لە قۆناغی چوارەمی ئامادەیی (ئێستا پێی دەڵێن قۆناغی 10)، لەگەڵ دوو هاوپۆلم زۆر هاوڕێ و نزیکی یەکتر بووین، بە جۆرێك هاوڕیەتیەکەمان ناونابوو (سێکوچکەی رزگاری)، هەرسێکمان بە پیادە هاتووچۆمان دەکرد، ئەم دوو هاوڕێیەم یەکیان یەکێتی بوو، ئەوی تریشیان پارتی بوو، بەڵام هەرسێکمان گەنج و خوێن گەرم بووین، کاتێك هەواڵی شەڕی نەگریسی ناوخۆ گەرم بوو، ئەم دوو هاوڕێیەم لە گفتووگۆدا تا رادەی دەمارگیری حیزبی دەڕۆیشتن، کار گەیشتە ئەوەی هەردووکیان گرەوێکی ناخۆشیان کرد، گرەوەکەیان لەسەر لەناوبردنی پارتەکەی بەرامبەر بوو، بەجۆرێك هاوڕێ یەکێتیەکەم دەیگوت:

 "گرەو دەکەم تاکو مانگێکی تر یەك پارتی لە کوردستان نامێنێت!"

هاوڕێ پارتیەکەشم دەیگوت:

"گرەو دەکەم تاکو مانگیکی تر یەك یەکێتی لە کوردستان نامێنێت!"

منیش لەم نێوەندەدا گوتم: دڵنیام هیچ کامتان گرەوەکە نابەنەوە، گوتیان بۆ؟

گوتم کوڕینە ئێوە گرەو لەسەر لەناوبردنی یەکتر دەکەن، باشە ئەگەر خوانەخواستە یەکێکتان گرەوەکە ببەنەوە، ئەوا (سێکوچکەی رزگاری) لەناو دەچێت، چونکە حەتمەن یەکێك لە ئێوە لە ژیان نامێنن!

ئایە هیچ کامتان تەحەمولی ئەو کارەساتە دەکەن؟

هەردووکیان دۆش دامان و گوتیان نەخێر!

منیش گوتم: ئێ کەوایە با هەرسێکمان دژی ئەم شەڕی ناوخۆیه‌ بین، چونکە گرەوەکەی ئێوە لە سەر بنەمایەکی ناتەندروستە و هیوادارم قەت هیچتان نەیبەنەوە، بۆ ئەوەی ئەویتر لە دەست نەدەین، سوپاس بۆ خوا هەرواش دەرچوو.

ئێستاش ئەو کەسانەی گرەو لەسەر نەمانی یەکتر دەکەن، پێویستە عەقڵیان (ئەبدەیت) بکەنەوە، چونکە پێدەچێت لەم سەردەمەدا نەژین!

خۆشبەختانە تاکو ئەمڕۆش لەگەڵ ئەم دوو هاوپۆلەم هاوڕێیەتیمان بەهێزە و بەردەوامە، بەڵام بە عەقڵیەتێکی سەردەمیانەی (سەدەی بیست و یەك) هەر سێکمان جیاواز لە یەکتر بیر دەکەینەوە، بەڵام رێز لە بیر و بۆچوونی یەکتر دەگرین و هەرگیز گرەو لەسەر لەناوبردنی یەکتر ناکەین!

لەکۆتاییدا گرنگە گەنج و لاوەکانمان سود لە ئەزموونی باب و باپیرانمان وەربگرن و هەوڵبدەن پلانی ستراتیژی بۆ بونیاتنانی نیشتیمان دابنێن، نەك پیلان دابنێن بۆ شەڕی ناوخۆ و لەناوبردن و سڕینەوەی یەکتر و رووخانی نیشتیمان!

واتە گەنج و لاوی کورد پێویستە (Move on) بکات و لەگەڵ کاروانی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم و زیرەکی دەستکرد (AI) هەڵبکات، نەك تەنها لە رابردوودا بژیت و هەڵەکانی مێژوو دووبارە بکاتەوە و لە بازنەیەکی داخراودا بمێنێتەوە و لە پێشکەوتن و داهێنانی سەدەی بیست و یەك داببڕێت، بە واتایەکی تر، پێویستە گەنج و لاوی کورد هاوشانی ئەم سەردەمە بڕوات و سود لە ئەزموونی رابردوو وەربگرێت و پشت بە زانست و زانیاری ببەستێت، ئەگەر توانیمان هۆشیاریمان بگەیه‌نینە ئەم ئاستەی سەرەوە، ئەوا مژدەبێت سەدەی (بیست و یەك) سەدەی کورد و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەبێت.

* كارۆخ خۆشناو

سه‌رۆكی ئه‌نیستیتۆری توێژینه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكی - كوردی