راپۆرتێک لەبارەی شەڕی پەکەکە و تورکیا دەرێتە پەرلەمان و حکومەتی عێراق

لە راپۆرتەکەدا چەند داوایەک ئاراستەی پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەکرێت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

هەفتەی داهاتوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راپۆرتی خۆیان لەسەر ئاڵۆزییەکانی پەکەکە و تورکیا لە ناوچە سنورییەکان دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی و حکومەتی عێراق.

د.ناسر هەرکی، بڕیار دەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەم  چەند رۆژە راپۆرتی سەردانی مەیدانی لیژنەکەمان ئامادە دەکەین و سەرەتای هەفتەی داهاتوو راپۆرتەکە دەدەینە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق".

گوتیشی: "لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکان و بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانە دەکەین".

د. ناسر هەرکی، راشیگەیاند: "بوونی پەکەکە لەو ناوچانە هۆکاری هاتنە ناوەوەی سوپای تورکیایە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تورکیا و پەکەکەش خەڵکی ناوچەکە زەرەمەندی سەرەکین".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە ئاشکراشیکرد: "داوا دەکەین لیوای یەکی پاسەوانی سنووری زیاتر پاڵپشتی بکرێت و لیوایەکی دیکەش لە خەڵکی ناوچەکە بۆ پاراستنی سنوورەکان دروستبکرێت".