ئیبراهیم ره‌ئیسى: پێشینه‌ى كاره‌كانمان ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێرانه له‌گه‌ڵ دراوسێكاندا
K24 - هه‌ولێر:
له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، كه ئه‌مڕۆ له تاران سازیكرد، ئیبراهیم ره‌ئیسى، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی كۆمارى ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند، پێشینه‌ى كاره‌كانى، ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێرانه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، داواشى له سعوودیه كرد، ده‌ست له كاروبارى نێوخۆیی یه‌مه‌ن وه‌رنه‌دات.
له‌یه‌كه‌مین كۆنگره‌ى رۆژنامه‌نووسیدا دوای راگه‌یاندنی وه‌ك سه‌رۆك كۆماری نوێی ئێران، ئیبراهیم ره‌ئیسى گوتى: ئێران ده‌یه‌وێت تێكه‌ڵى جیهان ببێته‌وه، یه‌كێك له كاره له‌پێشینه‌كانى حكومه‌تى تازه‌ى ئێران، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌نییه‌كانى تارانه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، پێویستیشه سعودیه و هاوپه‌یمانه‌كانى، كۆتایی به ده‌ستێوه‌ردانه‌كانیان له كاروباری ناوخۆی یه‌مه‌ن بهێنن.
ره‌ئیسى روونیشیكرده‌وه، هیچ به‌ربه‌ستێك له‌به‌ر ده‌م ئاسایبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ سعودیه نیه، پێشنیاز ده‌كه‌ین، هه‌ردوو لا باڵوێزخانه‌كان بكه‌ینه‌وه، كه له ساڵى (2016)ه‌وه داخراون.
ئیبراهیم ره‌ئیسى، سه‌رۆكى نوێى ئێران راشیگه‌یاند، له سیاسه‌تى نوێی ده‌ره‌وه‌ى ئێران‌دا، هیچ جۆره مه‌رجێك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆكانى تایبه‌ت به دۆسیه‌ى ناووكى نییه، سزاكانى ئابوورى ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر تاران، دۆخێكى ئابوورى خراپى له‌و وڵاته هێناوه‌ته ئاراوه.
له‌مباره‌وه ره‌ئیسى گوتى: به‌رژه‌وه‌ندىیەکانی گه‌لی ئێران په‌یوه‌ست ناكه‌ین به دۆسیه‌ى ناووكى.
ره‌ئیسى روونیشیكرده‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌مجاره ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ست ده‌بێت به رێكه‌وتنى تایبه‌ت به دۆسییه‌ى ئه‌تۆمی، پێویستیشه سزاكانى سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێن.
له‌مانگى (نیسان/ئه‌پریلى) ئه‌مساڵەوە، گفتوگۆكانى تایبه‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی وڵاتانی واژووكار بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران له ژنێڤ به‌رێوه ده‌چێت، كه له (2018) له سه‌رده‌مى دۆناڵد تره‌مپ، ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی خۆی له‌و رێككه‌وتنه راگه‌یاند، كه له ساڵی 2015 له نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان واژوو كرا.
ك.ب