قایمقامی ئامێدی: ده‌یان پڕۆژه له ناوچه‌كه‌مان به‌هۆی شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیا جێبه‌جێ نه‌كراون

K24- هه‌ولێر:
ئیسماعیل مسته‌فا، قایمقامی قه‌زای ئامێدی له‌باره‌ی زیانه‌كانی شه‌ڕی په‌كه‌كه و توركیا بۆ ناوچه‌كانی سه‌ر به ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان و كاریگه‌ری ئه‌و شه‌ڕه بۆ سه‌ر دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ره‌كه به گشتی گوتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه قه‌زای ئامێدی له‌ڕووی جوگرافییه‌وه فراوانترین رووبه‌ری قه‌زاكانی سه‌ر به پارێزگای دهۆكی هه‌یه و له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا هاوسنووره، له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه تا ئێستا به‌هۆی شه‌ڕ و ململانێكانی په‌كه‌كه و توركیا دۆخێكی تایبه‌ت و نائارام له‌و سنووره هاتووه‌ته ئاراوه، به‌تایبه‌ت له گوند و ئاواییه‌كانی سه‌ر سنوور، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست ژیانی رۆژانه‌یان كه پشت به باغ و بێستان و ئاژه‌ڵداری ده‌به‌ستێت، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی بگوزه‌رێنن.
گوتیشی: له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا رۆژ به‌ڕۆژ چه‌كدارانی په‌كه‌كه خۆیان له گوند و ئاواییه‌كان نزیك كرده‌وه، به‌مه‌ش شه‌ڕی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیای گواسته‌وه ناو ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان، ئه‌مه‌ش بوو به پاساوێك بۆ سوپای توركیا بۆ ئه‌وه‌ی له‌شكركێشی بكاته ئه‌و ناوچانه و به‌وهۆیه‌وه رۆژانه گوند و دێهاته‌كان بۆردومان و تۆپباران ده‌كرێن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس له ره‌وشی سنووری قه‌زای ئامێدی بكه‌ین به‌تایبه‌تیش ئه‌و گوند و شاره‌دێیانه‌ی كه‌وتوونه‌ته سه‌ر سنوور، ئه‌وا ده‌توانین له دۆخێكی زۆر خراپ‌دا پێناسه بكه‌ین، چونكه به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه، خه‌ڵكی ناوچه‌كه كه‌وته ره‌وشێكی ناسه‌قامگیر و رۆژانه هاووڵاتییان گازانده‌ی خۆیان ده‌گه‌یانده لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و گله‌یی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه كێشه‌یان بۆ دروست ده‌كه‌ن و ده‌ست له كاروباری رۆژانه‌شیان وه‌رده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و گله‌ییه هیچ كاریگه‌ری خۆی نه‌بوو و رۆژ دوای رۆژ ئه‌و چه‌كدارانه زیاتر له گوند و دێهاته‌كان نزیك ده‌بوونه‌وه، ئه‌مه‌ش دواجار بووه هۆی ئه‌وه‌ی سوپای توركیا به ناوی ئۆپه‌راسیۆنه‌وه سنوور ببه‌زێنێت و به‌قووڵایی چه‌ند كیلۆمه‌ترێك هاته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌ش جگه له‌و گوندانه‌ی به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه نه‌مانتوانی له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانیش ئاوه‌دان بكه‌ین، ژماره‌یه‌كی زۆری گوند و دێهاتی دیكه‌ش به‌مدواییانه چۆڵكران.
هه‌وره‌ها گوتی: تا ئێستا ته‌نیا له سنووری قه‌زای ئامێدی زیاتر له 200 گوند به‌هۆی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه‌كانیان چۆڵكراون، كه ژماره‌یه‌كیان له‌م دوو مانگه‌ی رابردوودا چۆڵكراون، كه 5 له‌و گوندانه ته‌نیا له سنووری ده‌ڤه‌ری به‌رواری باڵان و خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه ئاواره‌ی شوێنه‌كانی دیكه بوون.
قایمقامی قه‌زای ئامێدی جه‌ختیشی كرده‌وه، له‌كاتێكدا یه‌كێك له كارنامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گوند و دێهاته‌كانه، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نجاڵی شاره‌كان كه‌مبێته‌وه و گونده‌كانیش ئاوه‌دان بكرێنه‌وه، به‌ڵام بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و په‌لكێشكردنی سوپای توركیا بوونه‌ته كێشه و كۆچی پێچه‌وانه سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌مه‌ش له لایه‌كی دیكه‌وه بووه هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری له سه‌نته‌ری شاره‌كان، جگه له له‌ده‌ستدانی هه‌زاران دۆنم زه‌وی و زاری كشتوكاڵی له‌و گوندانه.
هه‌روه‌ها گوتی: به‌مدواییانه ته‌نیا له سنووری ناحیه‌ی كانی ماسێ زیاتر له 10 هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له بۆردومانه‌كاندا سووتاون، به به‌سه‌دان پووره هه‌نگ له‌ناوبراون، هه‌وره‌ها به هه‌زاران دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له ده‌ڤه‌ری به‌رواری باڵا له‌ناوچوونه، ئه‌و پڕۆژه خزمه‌تگوزاریانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ ئه‌و گوندانه ئه‌نجامدراون، له‌ناوچوون، له‌وانه‌ش پڕۆژه‌كانی ئاو و كاره‌با، كاتێكیش تیمه‌كانمان به‌مه‌به‌ستی چاككردنه‌وه ده‌چنه سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه، چه‌كدارانی په‌كه‌كه رێگرییان لێ ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یان پڕۆژه‌ی بۆ سنووری قه‌زای ئامێدی راگه‌یاندووه، به‌ڵام به‌هۆی نائارامی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه، نه‌توانراوه ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه بكرێت. جگه له‌مه‌ش تائێستا ده‌یان هاووڵاتی سڤیل بوونه‌ته قوربانی ئه‌و شه‌ڕ و بۆردومانانه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كه به‌هۆی به‌رده‌وامی بۆردومانه‌كان له ده‌وروبه‌ری گونده‌كان، چه‌ند گوندێكی دیكه‌ش مه‌ترسی چۆڵكردنیان له‌سه‌ره و ماوه‌یه‌كه گونده‌كانی وه‌ك: "ئۆره، هرور، دێره‌ش، مژێ و سپیندارێ".
ئیسماعیل مسته‌فا ئاشكراشیكرد، سوپای توركیا چه‌ندن ناوچه‌ی به‌بێ شه‌ڕ كۆنترۆڵ كردووه، به‌ڵام كاتێك پێشمه‌رگه بۆ دانانی خاڵێك ده‌چێته ئه‌و ناوچانه، چه‌كدارانی په‌كه‌كه رووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه و شه‌هید و برینداریان ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا تاكه هێزی شه‌رعی له‌و ناوچانه، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه، ئه‌مه‌ش جێگای گومان و تێڕامانه و جگه له‌وه‌ی كه په‌كه‌كه ئه‌و كاره بۆ دژایه‌تیكردنی حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، هیچ رامانێكی دیكه هه‌ڵناگرێت و له دژی هێزی شه‌رعی هه‌رێمی كوردستانه.
H.B