کانی ماسێ.. بەهۆی پەکەکەوە باخ و بیستانی 16 گوند سووتان

K24 – دهۆك:
بەهۆی شەڕی چەکدارانی پەکەکە و بۆردومانی سوپای تورکیا، ئاقاری 16 گوندی سنووری شارهدێی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی سووتان.
سەربەست سەبری، بەڕێوبەری شارهدێی کانی ماسێ بە کوردستان24ی راگەیاند، لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیاوە، زیاتر لە 11 ههزار دۆنم لە باغ و موڵکی هاووڵاتیانی ناوچەکە سوتاون، بەمەش زەرەر و زیانی زۆری ماددی بەر ناوچەکە کەوتووە.
ئاماژهی بهوهش كرد، گوندەکانی (کێستە، ئێکمالێ، هێسێ، مێرگا، جی یا، خرابەی، ئاسهێ، دەرگەلا سەیدا، ریبارکێ، قۆمریێ، ئەدنێ، دێشیش، سەرەرۆ، چەلکا نەسارا، چەلکا موسولمانان و گوندی هرۆرێ) تووشی زیانێكی زۆر بوون، زۆربەی ئاقارەکانی ئەم گوندانە بەهۆی شەڕەکەوە سووتان، کە بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکانیان دەرکەوتووە، کە بە بەهای زیاتر لە 6 ملیار دینار جووتیارانی ناوچەکە زیانیان بهركهوتووه.
هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەماوەی کەمتر لە دوومانگدا 7 گوندی سنووری شارهدێكه بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا چۆڵکراون و چەند هاووڵاتییهکیش بریندار بوون.
د.ی