هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە مانگێکدا 23 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش ئەنجامداوە

"رێگری لە 24 کردەوەی تیرۆریستی کراوە"
بۆردومانی پێگەکانی داعش لەلایەن هاوپەیمانانەوە - ئەرشیڤ
بۆردومانی پێگەکانی داعش لەلایەن هاوپەیمانانەوە - ئەرشیڤ

K24 - هەولێر

گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایدەگەێنێت، لە ماوەی مانگێکدا لەگەڵ هاوبەشەکانیان 23 ئۆپەراسیۆنیان دژی چەکدارانی داعش ئەنجامداوە.

وەین مەرۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا نووسیویەتی: "تەنیا ئەم مانگە 23 ئۆپەراسیۆنمان لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانمان لە سووریا و عێراق ئەنجامداوە".

گوتیشی: "بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە رێگری لە 24 کردەوەی تیرۆریستی کراوە کە چەکدارانی داعش ویستوویانە دژی خەڵکی سڤیلی ناوچەکە ئەنجامی بدەن".

ئەمە لە کاتێکدایە لەم ماوەیەدا هاوپەیمانان لە ناوچە کوردستانییەکان، بە هاوبەشی هێزی پێشمەرگە چەند ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە چەکدارانی داعش ویستویانە خۆیان رێکبخەنەوە.