له‌ ماوه‌ی 6 مانگدا 881 كه‌س به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیركراون

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشه‌به‌ره‌كان: نزیكه‌ی 215 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر و 41 هه‌زار شیت حه‌بی هۆشبه‌ر ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ناوبران
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ناوبران

K24 – هەولێر

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشه‌به‌ره‌كان، سه‌ر به‌‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش/هه‌ولێر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021 له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، له‌ ماوه‌ی 6 مانگی رابردوودا ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕی (214.393) كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ردا گرتووه‌، 881 كه‌سیش به‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركراون و دراونه‌ته‌ دادگا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشه‌به‌ره‌كان رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی كاركردن‌ به‌ هاوكاری ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ توانیویانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشه‌به‌ر ببنه‌وه‌‌، له‌ هه‌مانكاتدا داواكارن له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی و نیشتمانی هاوكار بن بۆ به‌دواداچوونی گرووپ و بانده‌كانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پێویسته‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هاوكار بن، له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسی و زیانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشه‌به‌ره‌كان ئاشكرای كرد، له‌ ماوه‌ی 6 مانگی رابردوودا 881 كه‌س به‌‌ تۆمه‌تی به‌كارهێنان و بازرگانیكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركراون، 315 له‌و تۆمه‌تبارانه‌ حوكم كراون.

ئاشكراشی كرد، بڕی (214.393) كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ماوه‌ی 6 مانگی رابردوو ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، مادده‌كانیش بریتین له‌ هیرۆین، كریستاڵ، تلیاك، حه‌شیش، جامایكا و ماریجوانا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشه‌به‌ره‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بڕی 662.5 كیلۆگرام توتنی هیندی "تۆبۆكا" ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، كه‌ حه‌شیشی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ كرابوو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ده‌رمانی پزیشكی هۆشبه‌ریش ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، كه‌ بڕه‌كه‌ی 40 هه‌زار و 937 شیت حه‌به‌‌، ده‌رمانه‌كانیش بریتین له‌ ترامادۆل، سۆمه‌دریل، X+B2، حه‌بی هۆشبه‌ری جۆراوجۆر، میتادۆن، كلۆنازپام، تریفین، پرازۆلام و ریلاف.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشه‌به‌ره‌كان روونیكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان پاره‌ی ساخته‌ش ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ 2 ملیۆن و 590 هه‌زار دیناری عێراقی، 3 هه‌زار و 100 دۆڵاری ئه‌مه‌ریكی،‌ 600 یۆرۆ‌.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ئه‌ركی سه‌رشانمان، بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ و بنبڕكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

راگه‌یه‌نراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان
راگه‌یه‌نراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان
راگه‌یه‌نراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان لاپه‌ڕه‌ 2
راگه‌یه‌نراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان لاپه‌ڕه‌ 2
راگه‌یه‌نراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان لاپه‌ڕه‌ 3
راگه‌یه‌نراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌كان لاپه‌ڕه‌ 3

 

د.ی