کچێکی کورد دەبێتە یەکەمی ئەڵمانیا

لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی توانی پلەی یەکەم بە دەستبێنێ
kurdistan24.net

K24 - بەرلین

کچێکی کورد خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت. ئەو کچە کوردە لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە چووەتە ئەڵمانیا و توانیویەتی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن نمرەیەکی باش بەدەست بهێنێت.

دلۆڤان مستەفا، کچێکی کوردی دانیشتووی بەرلینە، وەک قوتابییەکی پۆلی 12ی ئامادەیی ئەمساڵ لەسەر ئاستی ئەڵمانیا پلەی یەکەمی بە دەستهێنا، هەواڵی یەکەم بوونی ئەو کچە کوردە بووە مانشێتی زۆرێک لە رۆژنامە و کەناڵەکانی ئەڵمانیا.

دلۆڤان مستەفا، بە کوردستان24ی گوت: "کاتێک هاتمە ئەڵمانیا هەوڵمدا لە رووی فێربوونی زمان و زانست خۆم پێشبخەم".

گوتیشی: "ئێمە وەک کورد هیچمان لە گەلانی دیکە کەمتر نییە، هەموومان مرۆڤین دەبێ بۆ سەرکەوتن تێبکۆشین لە هەموو بوارەکاندا".

دایک و باوکی دلۆڤان، پزیشکن جگە لە پیشەکەیان هەوڵدەدەن منداڵەکانیان لە رووی پەروەردە و خوێندن پێبگەیەنن، بە شانازییەوە باسی ئەنجامی کچەکەیان دەکەن.

لەیلا مستەفا، دایکی دلۆڤان دەڵێ: "کاتێک بینیم کچەکەم بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئەڵمانیا دەستنیشان کرا، زۆر دڵخۆش بووم، و شانازی بە کچەکەمەوە دەکەم. ئەرکی هەموو دایک و باوکێکە منداڵەکانیان بە باشترین شێوە پەروەردە بکەن".