لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت زەوی بە کەسوکاری شەهیدان دەدرێت

وەزارەتی شەهیدان: ئێستا 16 هەزار کەس رەزامەندی وەرگرتنی پارچە زەوی هەیە
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

K24 – هەولێر

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاری دەکرێت بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیدان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای کرد، نووسراویان بۆ وەزارەتی شەھیدان کردووە، بۆ پێدانی لیستی کەسوکارەی شەھیدان بە مەبەستی دابینکردنی زەوی بۆیان، وەزارەتی شەھیدانیش سەرقاڵی ئامادەکاری لیستەکەیە و بریکاری وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێ "پێشتر فەرمان بۆ پێدانی زەوی بە 16 هەزار لە کەسوکاری شەهیدان هەبووە و زەوی بە کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعشیش دەدرێت".

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کرد، بۆ ئەوەی رێنماییمان پێبدەن کە بە چ ئاراستەیەک کار لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان بکەین، چەند رۆژێک پێش ئێستا وەڵامیان داینەوە، کە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین. نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی شەهیدان کردووە، بۆ ئەوەی بە یەکەوە دابنیشین بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارانەی پێویستە بیکەین".

گوتیشی: "ئەوەی لەسەر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێویستە تەنها دابینکردنی ژمارە و رووبەری زەوییە، ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو لیستانە دەکەین، کە لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە دەدرێتە سەرۆکایەتی یەنجومەنی وەزیران، لەوێوە بە فەرمی پەسندی دەکات، ئەوکات ئێمە دەتوانین جێبەجێی بکەین".

یەکێک لەو ئیمتیازاتانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەسوکاری شەھیدان دابینی دەکات، پێدانی زەوییە بە ئامانجی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون. وەزارەتی شەھیدان سەرقاڵی ئامادەکاری لیستی کەسوکاری شەھیدانن دوای تەواوکردنی کارەکان لیستەکە دەنێردریتە ئەنجومەنی وەزیران.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە کوردستان24ی گوت: "لەم کابینەیە سەرقاڵی سەرژمێری گشتین بۆ ئەم بابەتە، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بدۆزینەوە، چونکە هەستمان کرد لە رابردوودا بەهۆی دابینکردنی نەکردنی پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکان ئەم بابەتە دوا دەکەوێت، هەروەها بەهۆی قەیرانەوە خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە دابین نەکرێت کێشەکە چارەسەر نابێت".

ئاشکراشی کرد: "ئێستا 16 هەزار لە کەسوکاری شەهیدان لە هەرێمی کوردستان، رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانیان هەیە بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی، لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی تاوتوێی ئەم بابەتە دەکەین و دواتر دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی هەلومەرج و دۆخی دارایی لەوێ بڕیاری کۆتایی لێدەدرێت".