كابینه‌ی نۆیه‌م پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی جێبه‌جێكرد
K24 - هه‌ولێر:
پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە گرنگیی زۆری دەبێت بۆ جوتیارانی ھەرێمی کوردستان و ھۆکارێکیش دەبێت بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ، وادەکات سوود لە بەرھەمی جووتیارانی ناوخۆ وەربگیرێت، ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراکدایە و ساڵانە 500 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و پارەی جووتیارانیش راستەوخۆ لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە جووتیاران دەدرێت.
یه‌كێك له گرنگترین كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فره‌چه‌شنكردنی داهات و گرینگی‌دان به كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاریین، كه كه‌رتی كشتوكاڵی كۆڵه‌كه‌یه‌كی به‌هێز و پێویستی وڵاته، له‌و كه‌رته‌دا هه‌رێمی كوردستان قۆناغیكی باشی بڕیوه، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌می خۆماڵیدا، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كوردستان له زۆرێك به‌رهه‌می كشتوكاڵی بگاته خۆبژێوی و دواتریش هه‌رێمی كوردستان ببێته سه‌رچاوه‌ی سه‌وزه و میوه‌ی بازاڕه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق. پڕۆژه‌ی به بازاڕكردنی گه‌نمی جوتیاران یه‌كێكه له پڕۆژه هه‌ره گرنگه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه له‌سه‌ر رووبه‌ری 12 هه‌زار دۆنم زه‌وی بونیادنراوه.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "پڕۆژه‌ی ستراتیژییه‌كانمان، كه له چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌نگاوی باشی ناوه، پڕۆژه‌ی به بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی زۆر باش، گه‌نمی جووتیاران وه‌رده‌گرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و پڕۆژه‌یه له دهۆك سلێمانی ته‌واو نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و كۆمپیانیانه پابه‌ندن به وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیاران له‌دوو پارێزگایه‌ش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش جووتیاران ئازادن كه چه‌ند گه‌نم به‌و سایلۆیانه ده‌ده‌ن".
ئه‌م پڕۆژه‌یه كارگه‌كانی ئارد و ساوار و بڕوێش و مه‌عكه‌ڕۆنی و عه‌له‌فی ئاژه‌ڵ له‌خۆده‌گرێت، جگه له دابینکردنی ئەو به‌رهه‌مه خۆراكیانه، هه‌لی كار بۆ 3 هه‌زار كه‌س ده‌ڕه‌خسێنێت و جووتیارانی ناوخۆش لەو زیانە زۆرەی ساڵانە بەھۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تووشی دەھاتن رزگار دەکات.
شێرزاد جەعفەر، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژە گوتی: "پێشتر رامانگه‌یاندبوو، كه كارگه‌ی ئارد له 1/ 11/ 2021 به‌رهه‌می ده‌بێت، به‌ڵام پڕۆژه‌كه‌مان گه‌شه‌ی سه‌ندووه و له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا كارگه‌ی ئارد به‌رهه‌می ده‌بێت، ئاردێك به كوالیتی باشه‌وه به‌رهه‌ده‌هێنین".
پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران خەونێک بوو کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کودستان کردیە راستی، پڕۆژەکە لە 40 سایلۆ و 13 کارگە پێکدێت، له قۆناغی یه‌كه‌مدا 20 سایلۆی گه‌وره‌ی لێ دروستكراوه، كه توانای هه‌ڵگرتنی 5 هه‌زار تۆن گه‌نمیان هه‌یه، لە ھەولێر قۆناغەکانی لە کۆتایی نزیکە و دەستی بە وەرگرتنی گەنم کردووە، لە سلێمانیش دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵیش 5 کارگەی دروستکردنی بەرھەمەکانی گەنم تەواو دەکرێت و بۆ کۆتایی ئەمساڵیش کۆی پڕۆژەکە تەواو دەبێت.
د.ی