كار له‌سه‌ر قۆناغی دووه‌می پڕۆژەی شەقامی 150 مه‌تریی هه‌ولێر ده‌كرێت
K24- هه‌ولێر:
سەرەڕای بارودۆخی نالەبار، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە جێبەجێکردنی بەشێکی پڕۆژە ستراتیژییەکان، کە لە بەرنامەی کابینەکەیدا ھەبووە و بەشێکی دیکەشیان بەردەوام کاری تێدا کراوە، یەکێك لەو پڕۆژە ھەرە گرنگانەش شەقامی 150 مەتریە لە هەولێر، کە جگە لە گرنگییەکەی بۆ دانیشتوانی ئەو شارە و گەشتیاران، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ شۆفێران دەکات و سیمایەکی جوانتریش بە هەولێر دەبەخشێت.
شەقامی 150 مەتری یەكێك لە شەقامە بازنەیی و ستراتیژییەكانی شاری ھەولێر و قۆناغی یەكەمی لە شوباتی ئەمساڵ لە لایەن "مەسرور بارزانی"، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستانه‌وه كرایەوە.
شەقامی 150 مەتری ھەولێر، بەسەر 5 قۆناغدا دابەشکراوە، قۆناغی یەکەم له رێگه‌ی هه‌ولێر – شه‌قڵاوه ده‌ستیپێكرد تا به‌حركه، قۆناغی دووەم لە بەحرکە دەستپێدەکات بۆسەر رێگای ھەولێر – دھۆک، نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتی پلان لە وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای كرد، ئێستا سەرقاڵی دیزایینکردنی قۆناغی دووەمین، دوای تەواوبوونی دیزایین قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شەقامی بازنەیی 150 مەتری شاری ھەولێر بووەتە ھۆکاری بووژانەوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەو ناوچەیە، زەوییەکی زۆر بۆ وەبەرھێنان بەردەستە و دەرفەتیش رەخسێندراوە بۆ ئەو وەبەرھێنەرانەی دەیانەوێت پڕۆژە ئەنجام بدەن، پلان ھەیە لە بەشی دووەم و سێییەمیش مۆڵەتی پڕۆژەی جیاجیا بدەنە وەبەرھێنەران.
سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "دوو ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م تێپه‌ڕده‌بێت، له‌و ماوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له بواری رێگاوبان جێبه‌جێكراون، یه‌كێك له‌و پڕۆژانه، شه‌قامی 150 مه‌تری هه‌ولێره، كه سوودی بۆ شوفێران و كه‌رتی گه‌شتیاریش هه‌یه".
شەقامی 150 مەتری بازنەیی خێرا، درێژەپێدەری شەقامە بازنەییەکانی دیكەی ھەولێرە کە بریتین لە 30 مەتری، 60 مەتری، 40 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. ھەر ئاراستەیەکی شەقامی 150 مه‌تری نزیکی 20 مەترە، بەرینیی رێی خزمەتگوزارییەکان 15 مەترە، کۆی پڕۆژەکە بەسەر 5 قۆناغدا دابەش بووە.
ئینتەرچەینجەکانی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لەسەر ئاستی ھەموو عێراق یەکەمجارە بەو شێوەیە دروست دەکرێن.
د.ی