هه‌وڵی رفاندنی كچه رۆژنامه‌وانێكی ئێرانی له نیویۆرك ده‌درێت و تاران تێوه‌گلانی ره‌تده‌كاته‌وه
K24 – مینیسۆتا - ئه‌مه‌ریكا:
مه‌سیح عه‌لینه‌ژاد، رۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی به‌ره‌گه‌ز ئێرانی، رایگه‌یاند، له نیویۆرك له لایه‌ن هه‌واڵگری ئێرانه‌وه هه‌وڵی رفاندنی دراوه و داوای له وڵاتانی خۆرئاوا كرد، وه‌ڵامی توندی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئێران بده‌نه‌وه، له به‌رامبه‌ردا، كۆماری ئیسلامی ئێران له سه‌ر زاری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ره‌تیكرده‌وه، هیچ هاووڵاتییه‌كی له ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی رفاندنی ئه‌و كچه‌یان دابێت و گوتی: ئه‌و تۆمه‌تانه بێ بنه‌مان و هیچ راستییه‌كیان تێدا نییه.
سه‌عید خه‌تیبزاده، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران روونیكرده‌وه، ئه‌و تۆمه‌تانه له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه داڕێژراوون، كه دوژمنایه‌تی ئێران ده‌كات و ئه‌وه‌نده بێ بنه‌مان شیاوی وه‌ڵامدانه‌وه‌ش نین.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی ده‌وترێت یه‌كه‌مجار نییه به‌و جۆره به سیناریۆی هۆلیۆدی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا گاڵته به زیره‌كی و عه‌قڵی خه‌ڵكی جیهان بكه‌ن و چیرۆكی كاڵ و كرچی له‌و جۆره بڵاوبكه‌نه‌وه.
ئه‌م وه‌ڵامه‌ی ئێران دوای ئه‌وه هات، كه داواكاری گشتی له مانهاتن، تۆمه‌تی سه‌پاند به‌سه‌ر 4 هاووڵاتی ئێران‌دا، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی گوایه پلانیان داناوه بۆ رفاندنی رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌مه‌ریكی به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی، كه له به‌شی فارسی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا كارده‌كات.
به‌پێی ئه‌و داوای تۆمه‌تباركردنه كه وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكی له رۆژی (13ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2021) بڵاویكردووه‌ته‌وه و ئاژانستی رۆیته‌رز ئه‌مڕۆ 14ی ته‌مموز ئاماژه‌ی پێداوه، داواكاری گشتی مه‌نهاتن ئامانجی ئه‌و پلانه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه، به‌ڵام رۆیته‌رز جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه ئه‌و كه‌سه‌ی ویستراوه بڕفێنرێت خانمه رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌مه‌ریكی به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانییه و ته‌مه‌ن 37 ساڵه كه له به‌شی فارسی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا كارده‌كات و راپۆرته‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه ده‌رباره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران.
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا رایانگه‌یاندووه كه ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگری ئێرانی ماوه‌یه‌كی زۆره چالاكوانان فریووده‌ده‌ن كه گه‌شت بكه‌ن بۆ وڵاتان و له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ر و سه‌رنگومیان بكه‌ن.
وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكی داوایه‌كی رۆیته‌رزی ره‌تكردووه‌ته‌وه كه داوای جه‌ختكردنه‌وه بووه له‌سه‌ر ئامانجی ئه‌و پلانگێڕییه‌ی كه ئه‌و چوار كه‌سه هه‌یانبووه به‌رامبه‌ر ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نووسه.
به‌پێی په‌ڕاوی تۆمه‌ته‌كه ئه‌و چوار كه‌سه، دوو كه‌سیان له‌ناو ئه‌مه‌ریكا راسپاردووه له رێگه‌ی پرۆپاگه‌نده‌ی درۆوه تۆمه‌ت بۆ مه‌سیح و خێزانه‌كه‌ی هه‌ڵبه‌ستن و وایان بڵاوكردووه‌ته‌وه كه له دوبه‌ی خۆی ونكردووه له ترسی دانه‌وه‌ی قه‌رز ناگه‌ڕێته‌وه و وێنه‌ی ماڵه‌كه‌یان گرتووه وه‌ك به‌شێك له گه‌له‌كۆمه‌ك تا ناچار بێت ئه‌مه‌ریكا به‌جێبهێڵێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌سه‌ر پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی، وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكی گومانلێكراوه‌كانی دیاریكرد و ئێف بی ئای-یش وێنه‌كانی بڵاوكرده‌وه كه ئه‌وانیش (عه‌لی ره‌زا شافاروقی فاراهانی كه به فیزیرات سه‌لیمی و حاج عه‌لی ناسراوه، ته‌مه‌نی 50 ساڵ. مه‌حموود خه‌زین 42 ساڵ. كه‌یا سادقی 35 ساڵ. عه‌مید نوری 45 ساڵ) و هه‌مووشیان ئێرانین و له ئێران نیشته‌جێن.
به‌پێی په‌ڕاوی تۆمه‌ته‌كه، فاراهانی به‌رپرسێكی هه‌واڵگری ئێرانییه و به‌رپرسی هه‌ریه‌ك له خه‌زین و سادقی و نوری-یه و پلانیان داناوه بۆ رفاندنی ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نووسه له مانگی (حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020).
ئۆدری ستراوس پارێزه‌ری ئه‌مه‌ریكی له ناوچه‌ی باكوور له نیویۆرك، وتی: "یه‌كێك له نه‌خشه‌كانی ئه‌و چوار كه‌سه ئه‌وه بووه كه ئه‌و خانمه به پلان و له‌رێگه‌ی فێڵه‌وه بگوازنه‌وه بۆ وڵاتێكی دراوسێی ئێران، هه‌رچه‌نده چاره‌نووسی ئه‌و خانمه به هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت تا ئێستا دیار نییه به‌چی ده‌گات".
ئالان كوهلر جونیور یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ر له‌به‌شی بنبڕكردنی سیخوری له ئێف بی ئای، ده‌ڵێت: "حكومه‌تی ئێران ژماره‌یه‌كی زۆر لایه‌نی حكومه‌تی ئاراسته‌كردووه بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی رفاندنه‌كه". وتیشی: "ئێمه هه‌موو ئامرازێك كه له‌به‌رده‌ستدا بێت به‌كارده‌هێنین بۆ لێكۆڵینه‌وه له چالاكییه بیانییه‌كان كه له‌رێگه‌ی به‌كرێگیراوه‌كانه‌وه ئاراسته‌ده‌كرێت بۆ رفاندنی هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێران ره‌زامه‌ند نییه له‌وه‌ی ره‌خنه‌ی لێبگیرێت".
كه‌سی پێنجه‌می نێو ئه‌و تۆمه‌تبارانه، نیلۆفه‌ر بهادوریفار كه‌سێكی دانیشتووی كالیفۆرنیایه و به نیلی بهادوریفار ناسراوه و ته‌مه‌نی 46 ساڵه. به پاره پاڵپشتی ئه‌م پیلانگێڕییه‌ی كردووه.
مه‌سیح عه‌لینه‌ژاد دوای ده‌رچوونی په‌ڕاوه‌كه، تووشی شۆك بوو‌و بۆیه به فرانس 24ی وتووه له‌كاتێكدا 8 مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن ئێف بی ئای-ه‌وه بانگكراوه بۆ لێكۆڵینه‌وه، تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵبه‌ستراوه كه په‌یوه‌ندی به ئێف بی ئای-یه‌وه كردووه.
ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نووسه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه له بواری مافی مرۆڤ و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌و كه‌سانه‌ی له خۆپیشاندانه‌كانی 2019 دا كوژران.
به‌پێی فرانس24، له‌ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كه خۆی و مێرده‌كه‌یان بۆ ژماره‌یه‌ك خانووی یه‌ك له‌دوای یه‌ك گواستووه‌ته‌وه.
به‌پێی په‌ڕاوی داواكاری گشتی نیه‌تێكی تری ئێران وابووه كه له‌رێگه‌ی دوو به‌كرێگیراوه‌وه هانی ئه‌و خانمه بدات سه‌ردانی كه‌سوكاری بكات له توركیا و له‌وێ بڕفێنرێت. هه‌روه‌ها له دۆخێكی تردا پلان وابووه له نیویۆرك-ه‌وه له‌رێگه‌ی به‌له‌مێكی بچوكه‌وه به‌ره‌و كاراكاس بڕفێنرێت.
په‌یمانگای كوینسی، ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نووسه‌ی وه‌ك كۆنتراكنه‌رێكی ئه‌مه‌ریكی ناساندووه، وێڕای ئه‌وه‌ی كه كاركردنه‌كه‌ی وه‌ك (بێژه‌رو په‌یامنێره له به‌شی فارسی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا).
ئه‌مه یه‌كه‌مین جار نییه هاووڵاتیانی ئێران تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌شوێنكه‌وتنی چالاكوانان یاخود جوداخوازانی ئێرانی. له (كانوونی دووه‌م/ دیسێمبه‌ری 2020) توركیا، 11 ئێرانی ده‌ستگیركرد كه تێوه‌گلابوون به رفاندن و سه‌رنگومكردنی جوداخوازانی ئێرانی كه په‌یوه‌ندیان هه‌بوو به هێرشی خوێناوی ساڵی 2018 له‌باكووری خۆرئاوای ئێران.
به‌پێی وته‌ی به‌رپرسێكی توركی كه به ئاژانسی ئه‌سۆشیتید پرێسی وتووه: "حه‌بیب شه‌عه‌ب سه‌ركرده‌ی جوداخواز كه له بنه‌ڕه‌تدا عه‌ره‌ب- ئێرانییه بێهۆشكراو رفێنرا له‌لایه‌ن تۆڕێكی هه‌واڵگری له توركیا دوای ئه‌وه‌ی ورده ورده یه‌كێك له به‌كرێگیراوانی ئێران نزیكی خسته‌وه له خۆی".
هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه دوو دیپلۆماتی ئێران له پشت تیرۆركردنی مه‌سعود مولوی فاردانجای-یه‌وه كه له (تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019) له ئه‌سته‌نبوڵ تیرۆركرا.
دوو به‌رپرسی توركیا به رۆیته‌رزیان وتووه كه كوشتنی فاردانجای به هاندانی ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری بوو له كونسڵخانه‌ی ئێران له ئه‌سته‌نبوڵ.
به‌پێی زانیاری په‌یمانگای كۆینسی كه سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌یه و باره‌گاكه‌ی له واشنتۆنه، ده‌ڵێت: "خاتوو مه‌سیح عه‌لینه‌ژاد زیاتر 305 هه‌زار دۆلاری وه‌رگرتووه به‌پێی گرێبه‌ستێك له به‌رامبه‌ر كاركردن له ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا له مانگی (ئایار/ مایۆی 2015) بۆ مانگی (ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2019)".
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه له‌كاتێكدایه ئێران رایگه‌یاند كه رۆژی 13ی ته‌مموز، وتوووێژكراوه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاڵوگۆڕی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌هه‌ردوو وڵات ده‌ستبه‌سه‌رن. گفتووگۆكه‌ش به ئامانجی ئازادكردنی ئه‌و ئێرانییانه‌ی له ئه‌مه‌ریكا زیندانین.
هه‌روه‌ها وته‌بێژێك به‌ناوی تارانه‌وه وتی: "گفتووگۆكان ده‌رباره‌ی ئاڵوگۆڕی ده‌ستگیركراوان له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیران، به‌رده‌وامن و له ئاینده‌دا زانیاری زیاتر بڵاوده‌كه‌ینه‌وه ده‌رباره‌ی ئازادكردنی زیندانیانی ئێرانی".