نرخی نه‌وت به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له رێكخراوی ئۆپیك له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه رێككه‌وتن، به‌وه‌ی كه ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئۆپیك رێژه‌یه‌كی زۆری نه‌وت ده‌خاته بازاڕه‌وه، له‌كاتێكدا ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی په‌تای كۆرۆنا له جیهان خێراتر بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی دیكه مه‌ترسی له‌سه‌ر جووڵه‌ی بازاڕی وزه دروست كردووه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، به‌هۆی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئۆپیك، نه‌وتی برێنت به‌ڕێژه‌ی 5.5% نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا و له كاتژمێر 14:25 خوله‌ك به‌كاتی گرینج، یه‌ك به‌رمیل نه‌وت له گرێبه‌سته‌كاندا به پێوه‌ری جیهانی به 69 دۆلار و 55 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه كرا، له‌كاتێكدا نه‌وتی خاوی تێكساس رێژه‌ی زیاتر له 6%ی نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا و یه‌ك به‌رمیل به 67 دۆلار و 42 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه كرا.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، ماوه‌ی چه‌ند مانگێك بوو، به‌هۆی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا و تاڕاده‌یه‌ك ئاساییبوونه‌وه‌ی ژیان له زۆرێك له وڵاتان، كه‌رتی پیشه‌سازی له جیهان بووژایه‌وه و نرخی نه‌وت به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی و به‌مدواییانه له 80 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نزیك بووه‌وه.