فوئاد حوسێن: خشتەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دیاردەکرێت

"کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکان"

K24 - واشتنتن

وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەو شێوەیە نییە کە باسی لێوە دەکرێت. جەختیش دەکاتەوە، لە گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی باس لە هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن و بۆ کشانەوەشیان نەخشەیەکی کاتی دادەنێن کە جێبەجێکردنی پلانەکە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی عێراق.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، كه‌ ئێستا له‌ ئه‌مەریكایه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌چووی گه‌ڕێكی دیكه‌ی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان واشنتن و به‌غدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "گفتوگۆی ستراتیژی ئەمەریکا – عێراق، بۆ ئەوەیە پەیوەندیییەکانی نێوانیان بۆ ئایندە گەڵاڵە بکرێت، کە پەیوەندییەکان لە داهاتوودا چۆن دەبن".

گوتیشی: "لە راستیدا هێزی ئەمەریکی لە عێراق زۆر نییە، کۆمەڵێک سەربازن لەناو بنکە سەربازییەکانی عێراق، لە دیالۆگی ستراتیژی باسی ئەو هێزانە دەکرێت کە هێزی شەڕکەرن، ئەو هێزانە دەکشێنەوە، کشانەوەی هێزەکەش بە یەکجار نابێت، بەڵکو خشتەیەک دادەنرێت، رەنگە ماوەی ساڵێک دیاربکرێت، لە کاتی دیاریکراودا بە قۆناغ دەکشێنەوە، بێگومان کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکان".