قاسم سوله‌يمانى: له‌ فه‌لوجه‌ ئۆتۆمبێله‌كانمان وێنه‌ى خامه‌نه‌ئييان پێوه‌يه‌

رۆژنامەی قانوون لە زمانی قاسم سولەیمانییەوە رایگەیاندووە لە شەڕی فەللوجە تۆتۆمبێلەکانیان وێنەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و سیستانییان پێوەیە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/961a157b-cf83-4a08-a11a-fd2757593a28/Rojnamey29i5.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

رۆژنامەکانی چاپی رۆژی یەکشەممەی تاران بە مانشێتی جیاوازەوە باسیان لە ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی ئەحمەدینه‌ژاد کردووە و رۆژنامەی قانوون لە زمانی قاسم سولەیمانییەوە رایگەیاندووە لە شەڕی فەللوجە تۆتۆمبێلەکانیان وێنەی ئایەتوڵڵا خامنەیی و سیستانییان پێوەیە.

رۆژنامەی جەوان رەخنە لە بوونی فڕۆکەخانەی زۆر لە شارەکانی ئێران دەگرێت و بە مانشێتی 13 فڕۆکەخانە لە حەسرەتی فڕینی فڕۆکەدا، نووسیویەتی: بە داخەوە لە ساڵانی رابردوودا بێ ئەوەی هەموو لایەنێک لە هێندێک لە پارێزگاکان و شارەکان لەبەرچاو بگیرێت، فڕۆکەخانەیان لێ دروست کراوە کە یان بێ کەڵک ماونەتەوە و یان بە کەمی فڕۆکەیەک له‌ ناوياندا دەنیشێته‌وه‌.

ئێستا 13 فڕۆکەخانەی وڵات کە پارەی زۆریان تێچووە، لە بارودۆخێکی لەمجۆرە دان.

تا ئێستا چەندین جار تەلەفزیۆنی ئێران بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە نەتەوەکانی نافارسی ئێرانی سەرکۆنەکراوە.

رۆژنامەی ئيبتيکار بە مانشێتی کاردانەوەی لوڕەکان بە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆن، نووسیویەتی: چەنگیز جەلیلوەند کە وەک میوان بیرەوەریەکانی خۆی بۆ تەلەفزیۆن گێڕایەوە، سەرەتا بەختیارییەکانی بە رێگری و تاڵانی خەڵک تۆمەتبار کرد و لە ژێر گوشاری پێشکەشکاردا بۆ چاک کردنەوەی قسەکانی، گوتی: مەبەستم بویرئەحمەدییەکان و مەمەسەنیەکان بوون.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەشەی بەرنامەی "خۆشا شیراز" خەڵکی مەمەسەنی خۆپێشاندانیان ئەنجام دا.

ئەحمەدینەژاد سەرەتا دادگایی بکرێت و پاشان ببێتە كانديدى سەرۆک کۆماری. ئەمە مانشێتیکی رۆژنامەی ئارمانێ ئه‌مڕۆيه‌. 

ئارمانێ ئێمرووز، لە زمان سەعید حەجاریان کەسایەتیی تیۆری داڕێژی ریفۆرمخوازانەوە نووسیویەتی: خەڵک جارێک لە لایەن پۆلۆلیستەکانەوە ئازاری پێگەیشتووە و ئەمەی تاقیکردووەتەوە، ئیدی لەم کونەوە پێیەوەيان نادرێت.

ئەحمەدینەژاد پێویستە دادگایی بکرێت و پاشان ناوی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تۆمار بکات.  ئەگەر بێتاوان ناسرا، دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت.

رۆژنامەی وەتەنێ ئێمرووز، لە زمان قاسم سولەیمانییەوە نووسیویەتی: نەمانهێشت حکوومەتی داعش دابمەزرێت.

قاسم سولەیمانی لە لێدوانێکدا بۆ بەشێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران لە بارەی بەشداریکردن لە شەڕی فەللووجەدا گوتی: ئێمە کاتێک دەچین کە مەرجەعەکانی عێراق بە پێویستی بزانن. دەبێ ئاماژە بەو شتەش بکەم کە زۆربەی ئۆتۆمبێلەکان وێنەی دوو کەسایەتیی رێبەری بەڕێزی شۆڕش و ئایەتووڵڵا سیستانییان پێوە دەبێت. ئێمە پێمان خۆش نەبوو ئەم هێرشانە بخرێنە سەرشانی ئێمە.