ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی رۆیشتنی مێسی سوودمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن

لیۆنێل مێسی كاپتنی ئارجێنتینا
لیۆنێل مێسی كاپتنی ئارجێنتینا

چوونی لیۆنێل مێسی لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، سوود و زیانی خۆی هەیە و زەرەرمەندترینیشیان یانەکەی پێشوویەتی، چونکە ئەو یاریزانە لەم چەند ساڵەی رابردوو یاریزانێکی یەکلاکەرەوە بووە بۆ یانەکەی.

رۆناڵد کومان راهێنەری هۆڵەندی بلاوگراناش یەکێکی دیکە لەو زەرەرمەندانەیە لە دوای چوونی مێسی، ئەو راهێنەرە پشتی بە توانا و ئەزموونەکانی ئەو یاریزانە بەست بوو، بەڵام دوای چوونی ئەو یاریزانە، ئەستەمە ئەو راهێنەرە بتوانێت یاریساز و یاریزانێکی دیکەی یەکلاکەرەوە وەکو مێسی بدۆزێتەوە.

سێرخیۆ ئەگوێرۆ یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە کە زەرەرمەند بووە لە دوای چوونی هاونیشتیمانیەکەی، ئەو یاریزانە لە رێگەی مێسیەوە پەیوەندی بە بارسا کرد و هەر ئەمەش وایکرد موچەکەی کەم بکاتەوە.

یەکێکی دیکە لە زەرەرمەندەکانی ئەم پرۆژەیە، ئەنجوومەنی لالیگای ئیسپانیا دەبێت، چونکە لە دوای رۆناڵدۆ و مێسی، لە رووی بینەرەوە خولەکەیان زیانێکی زۆری بەردەکەوێت و لە رووی مافی فرۆشتنی یارییەکانی نرخێکی زۆر لەدەست دەدات، ئەمە بێجگە لەوەی کە ساڵانە ملیۆنان کەس بەهۆی ئەو دوو ئەفسانەیە بینەری یارییەکانی کلاسیکۆ بوون.

زۆرن ئەوانەی دەگوترێن سوودمەند دەبن لە دوای چوونی مێسی لە بارسێلۆنا، یەکێک لەو کەسانەش ئانتوان گریزمان هێرشبەری فەرەنسی یانەکەیە، چونکە ئەو یاریزانە لەمەودوا دەتوانێت لەو شوێنەی کە لەگەڵ وڵاتەکەی یاری دەکات لە هەمان شوێن یاری بکات و ئازادیەکی زیاتریشی دەبێت.

ئاتڵێتیکۆ مەدرید و ریال مەدریدیش سوودمەندی سەرەکی کۆچی مێسین، شایانەکان لەم چەند ساڵەی دواییە مێسی بەربەستێکی گەورە بووە بەرامبەریان، لەلایەکی دیکەوە بەچوونی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان، رێگەی گواستنەوەی کلیان مباپێ گۆڵکاری ئەو یانەیە بۆ ئەوان خۆشتر دەبێت.

یەکێک لە سوودمەندەکانی دیکەی چوونی مێسی لە لالیگا، کەریم بێنزێما هێرشبەری فەرەنسی یانەی ریال مەدرید دەبێت، ئەو یاریزانە لە دوای چوونی رۆناڵدۆ لە یانەکەی، بووەتە گۆڵکاری یەکەمی یانەکەی، بەڵام هەمیشە لەم سێ ساڵەی رابردوو مێسی بووەتە بەربەست لەبەردەمی.