تیمێكی لێكۆڵه‌رانی ئه‌مه‌ریكی شاره نه‌فره‌تلێكراوه‌كه‌ی "قه‌ومی لوط"ـی دۆزییه‌وه
K24- هه‌ولێر:
ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه زانایانی بواری شوێنه‌وارناسی سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌وارێكن، كه ده‌گوترێت پاشماوه‌ی شاری "سدوم"ـه، كه له ئیسلامدا به شاری "قه‌ومی لوط" ناسراوه، ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی به‌ر له 3 هه‌زار و 500 ساڵ له‌و ناوچه‌یه ژیاوه و له كتێبه ئاسمانییه‌كاندا باسی كراوه، گرنگترینیان قورئانه، كه به وردی باسی رووداوی له‌ناوچوونی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی كردووه، كه چۆن ته‌واوی خه‌ڵكه‌كه‌ی له چه‌ند چركه‌یه‌كدا به‌شێوه‌یه‌ك ون بوون، چۆن بڵێی هه‌رگیز ژیان له‌و شوێنه نه‌بووه، كه به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه له قورئاندا له 9 سوره‌تی جیاواز به‌شێوه‌یه‌كی قۆناغ به‌قۆناغ، ته‌نها خێزانه‌كه‌ی لوط پێغه‌مبه‌ر لێی ده‌رچوون.
چیرۆكه‌كه به ئایه‌تی ژماره 38 له "سوره‌تی عه‌نكه‌بوت" واتا سوره‌تی جاڵجاڵۆكه كۆتایی هاتووه و ئاماژه به‌وه ده‌كات، خودای گه‌وره پاشماوه‌ی ئه‌و شاره‌ی كردووه‌ته په‌ندێك بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو و له‌و سوره‌ته‌دا فه‌رموویه‌تی: "ولقد تركنا منها آية بيّنة لقوم يعقلون"، واتا ئایه‌تێكی روون و ئاشكرامان له‌سه‌ر ئه‌و شاره بۆ ئه‌وانه جێهێشت كه ده‌یانه‌وێت عاقل بن. له‌كاتێكدا به‌درێژایی سه‌ده‌كان، هیچ شتێك له‌سه‌ر شاری سدوم نه‌دۆزرایه‌وه، به‌ڵام ئێستا تیمی شوێنه‌وارناسی ئه‌مه‌ریكی دوای 10 ساڵ له كاری كنه و پشكنین، ئه‌و شوێنه‌یان له ناوچه‌ی "ته‌ل حه‌مام" له وڵاتی ئوردن دۆزییه‌وه و له‌وه دڵنیا بوونه‌وه، كه شوێنه‌واری شاری "سدوم"ـه و له لێكۆڵینه‌وه‌كانیان پرۆفیسۆر ستیڤان كۆڵێنز، سه‌رۆكی تیمی لێكۆڵه‌ران كه مامۆستایه له زانكۆی "ترێنتی ساوس ویسترن" له ویلایه‌تی نیو مه‌كسیكۆ، جه‌ختی كرده‌وه، "ژیان له‌و شاره به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ وه‌ستاوه".
"هه‌موو شێوازه‌كانی ژیان له‌و شاره به‌یه‌كه‌وه و له‌یه‌ك كاتدا وه‌ستاون"، ئه‌مانه گوته‌ی ئه‌و پرۆفیسۆره‌ن، كه له 28ی مانگی رابردوو یه‌كه‌م كه‌س بوو هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ی له باشووری ئوردن راگه‌یاند، كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد و به‌هێزی به پشتبه‌ستن به وێنه و داتاكان له‌وباره‌یه‌وه كردووه و گوتوویه‌تی: "بینایه‌ی مێژوویی و زۆر كه‌لوپه‌ل له شارێكی زۆر گه‌وره له چاخی برۆنزی (..) ده‌وڵه‌تێكی زۆر گه‌وره بووه و فه‌رمانڕه‌وایی ته‌واوی ناوچه‌ی باشووری غوری ئوردنی به‌ده‌سته‌وه بووه".
ئه‌و وڵاتشاره، كه له "سفر التكوين"ـدا له ته‌ورات ئاماژه‌ی پێدراوه، خودا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به گۆگرد و ئاگر سزا داوه، كه به‌گوته‌ی كۆڵینز "وه‌ك چۆن پێشبینی كراوه بینایه‌كان به‌ته‌واوه‌تی نه‌ڕووخاون" و جه‌ختی كرده‌وه، "ئه‌وه‌ی دۆزیویانه‌ته‌وه به‌گوێره‌ی زانستی شوێنه‌وارناسی، وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه له‌ڕووی ئیداره‌دانی وڵاتشارێك، كه له‌نێوان 1540 بۆ 3500 ساڵ به‌ر له زاین ژیانی تێدا بووه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، "به‌ر له لێكۆڵینه‌وه‌ی تیمی شوێنه‌وارناسانی ئه‌مه‌ریكی، هیچ زانیارییه‌ك نه‌بوو كه ژیان له ناوچه‌ی غوری ئوردن له چاخی برۆنزی پشتڕاست بكاته‌وه، ته‌نانه‌ت له نه‌خشه شوێنه‌وارییه‌كانیش هیچ ئاماژه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه دانه‌نرابوو كه شارێكی شوێنه‌واری له‌و شوێنه هه‌بووبێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه شارێكه له دوو به‌ش پێكهاتووه، به‌شی سه‌روو و به‌شی خواروو، دیوارێكی تێدایه له خشته‌ی قوڕ دروستكراوه به به‌رزی 10 مه‌تر و پانی 5.2 مه‌تر. هه‌روه‌ك پاشماوه‌ی ده‌رگاكانی په‌رستگا، تاوه‌ری جۆراوجۆر، چه‌ند گۆڕه‌پانێكی سه‌ره‌كی و شوێنێكی تایبه‌ت كه پێده‌چێت پاسه‌وانییه‌كی به‌هێز و تایبه‌تی لێ كرابێت، دۆزراونه‌ته‌وه، له‌و هه‌موو شوێنانه‌ش به ملیۆنان خشتی له‌قوڕ دروستكراو به‌كارهاتوون، وێڕای كاركردنی ژماره‌یه‌كی زۆری كرێكار بۆ دروستكردنی ئه‌و دامه‌زراوانه"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، "هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ی ژیان له ناوه‌ڕاستی چاخی برۆنزی به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ له یه‌ك كاتدا وه‌ستاون"، كه به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه شوێنه‌وارییه‌كان، ئه‌مه مه‌ته‌ڵێكه بۆ گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامه‌كاندا له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی زانیاره‌ی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چی به‌سه‌ر شاری "سدوم"ـدا هاتووه، كه له قورئاندا به‌وه باسكراوه، كه به ئاگر و گۆگرد وێرانكراوه، وه‌ك چۆن بڵێی هه‌سارۆچكه‌یه‌ك به‌ر شاره‌كه كه‌وتووه و سه‌راوژێری كردووه و ته‌نیا لوط پێغه‌مبه‌ر لێی رزگار بووه.
ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی لوط پێغه‌مبه‌ر باوه، ئه‌و برازای ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ره و له یه‌ك ناوچه‌دا ژیاون، ئه‌ویش به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی ته‌ورات "ماڵی ئیل"ـه، كه نزیكه له شاری رامه‌ڵای ئێستا له كه‌رتی رۆژئاوای فه‌له‌ستین، دواتر هه‌ر یه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی و مه‌ڕ و ماڵاته‌كانیان لێك جیابوونه‌ته‌وه و لوط به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات به‌دوای له‌وه‌ڕگایه‌كی سه‌وزدا گه‌ڕاوه، كه تێیدا ئاو و سه‌وزایی هه‌بێت و ئه‌و شوێنه‌ی له نزیك شاره‌كانی "سدوم و عموره" دۆزیوه‌ته‌وه، كه زه‌وییه‌كی به‌پیت بووه و رووباری ئوردنی پێدا رۆیشتووه و شاری سدومی بۆ نیشته‌جێبوون هه‌ڵبژاردووه و ده‌وروبه‌ریشی وه‌ك كوێستان و له‌وه‌ڕگا به‌كار هێناوه. هاوكات كۆڵینز ئه‌وه‌ی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه كه له ئایه‌تی ژماره 82ی سووره‌تی هود له بڕگه‌ی به‌ر له كۆتایی هاتووه، كه باس له هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی سه‌روو و خوارووی شاری سدوم ده‌كات.
له گێڕانه‌وه‌ی قورئاندا باسی ئه‌وه كراوه، كه لوط پێغه‌مبه‌ر هه‌ر زوو هه‌ستی به‌وه كردووه، كه خه‌ڵكی سدوم سه‌رقاڵی كاری نابه‌جێن، بۆیه بڕیاریدا هه‌وڵی ئه‌وه بدات بیانگه‌ڕێنێته‌وه لای خودا و له‌و كرده‌وه خراپانه دووریان بخاته‌وه و وه‌ك له ئایه‌تی 163ی سوره‌تی شوعه‌راء له قورئاندا هاتووه، لوط به‌و خه‌ڵكه‌ی گوتووه: "فاتقوا الله وأطيعون" واتا "ته‌قوای خودا بكه‌ن و بیپه‌رستن"، به‌ڵام ئه‌وان رووبه‌ڕوو لوط بوونه‌وه و به‌گوێره‌ی ئایه‌تی 167ی ئه‌و سورته، به لوطیان گوتووه: "قالوا لئن لم تنته يا لوط لتكونن من المخرجين"، واتا ئه‌گه‌ر واز له‌و هه‌وڵه‌ت نه‌هێنی، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و شاره جێبهێڵی، بۆیه ناچاربوو و گوتی: "أتأتون الفاحشة ما سبقكم بها من أحد من العالمين" (الأعراف:80) و زیاتر شرۆڤه‌ی كرد و گوتی: "أئنكم لتأتون الرجال وتقطعون السبيل وتأتون في ناديكم المنكر" (العنكبوت:29)، دواجار خه‌ڵكه‌كه پێیان گوت: "ائتنا بعذاب الله إن كنت من الصادقين" (العنكبوت:29)، واتا ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ی با خودا سزامان بدات.
دوای ئه‌مه لوط په‌نا بۆ خودا ده‌بات و لێی ده‌پاڕێته‌وه "رب نجني وأهلي مما يعملون" (الشعرا‌ء:169)، واتا خودایه تۆ من و خێزانه‌كه‌م له كرده‌وه‌كانیان رزگار بكه‌ی، بۆیه خودا چه‌ند فریشته‌یه‌كی بۆ نارد و دڵنیایان كرده‌وه و پێیانڕاگه‌یاند، "وقالوا لا تخف ولا تحزن إنا منجوك" (العنكبوت:33)، واتا مه‌ترسێ و خه‌فه‌تبار مه‌به، ئێمه رزگارت ده‌كه‌ین و پێیان گوت: كه چی بكات و پێی گوت: "قالوا إنا مهلكو أهل هذه القرية إن أهلها كانوا ظالمين" (العنكبوت:31)، واتا ئێمه خه‌ڵكی ئه‌و گونده له‌ناو ده‌به‌ین چونكه سته‌مكاربوون، زیاتر شرۆڤه‌یانكرد و گوتییان: "إنا منزلون على أهل هذه القرية رجزاً من السما‌ء بما كانوا يفسقون" (العنكبوت:34)، واتا "ئێمه بۆ سزادانی ئه‌و گونده له‌سه‌ر كرده‌وه پیسه‌كانیان له ئاسمانه‌وه هاتووین"، دواتر سزاكه ده‌ستی پێكرد و وه‌ك گوتییان: "فلما جا‌ء أمرنا جعلنا عاليها سافلها وأمطرنا عليها حجارة من سجيل منضود" (هود:82)، واتا كاتێك فه‌رمانمان پێكرا، سه‌راوژێرمان كرد و به‌ردبارانمان كردن "فأخذتهم الصيحة مشرقين" (الحجر:73) وتحقق الوعد: "فأنجيناه وأهله إلا امرأته كانت من الغابرين" (الأعراف:83)، واتا به‌ڵێنه‌كه‌مان جێبه‌جێ كرد: "لوط و خێزانه‌كه‌یمان رزگار كرد، ته‌نها هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌بێت، كه له سته‌مكاره‌كان بوو" و "ولقد تركنا منها آية بيّنة لقوم يعقلون" (العنكبوت:35)، واتا ئایه‌تێكی روون و ئاشكرامان له‌سه‌ر ئه‌و شاره بۆ ئه‌وانه جێهێشت كه ده‌یانه‌وێت عاقل بن.
ئه‌وه‌ی له وێنه‌كاندا تا ئێستا له‌وباره‌یه‌وه روونبووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه ژماره‌یه‌كی زۆر له قاپ و قاچاخ و كه‌لوپه‌لی دیكه دۆزراونه‌ته‌وه، به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی ته‌ورات، شاری سدوم به گۆگرد و كبریت وێران نه‌كراوه، ئه‌گینا شوێنه‌واری سووتان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌لوپه‌لانه ده‌بوون كه دۆزراونه‌ته‌وه، هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌ی مه‌ته‌ڵه‌كه نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه له ئایه‌تی 34ی سوره‌تی عه‌نكه‌بوتدا هاتووه، كه ده‌كرێت له ده‌سته‌واژه‌ی "رجساً من السما‌ء"، مه‌به‌ستی هه‌سارۆچكه‌یه‌ك بێت له ئاسمانه‌وه به‌ر ئه‌و شاره كه‌وتبێت و به‌رد به هه‌زاران وه‌ك باران له ئاسمانه‌وه بۆی پڕژاون و سه‌راوژێری كردووه، دواتر له‌ماوه‌ی 35 سه‌ده‌ی رابردوودا به‌خۆڵ داپۆشراوه.