بۆچی له كاتی شێلووبوونی ئاو پڕۆژه‌ی ئیفراز راده‌گیرێت؟
K24 - هه‌ولێر:
له‌كاتی شێلووبوونی ئاوی زێی گه‌وره، پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز، كه ئاوی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گه‌ڕه‌كانی شاری هه‌ولێر دابین ده‌كات، راده‌گیرێت، ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ته‌كنیككارێكی پڕۆژه‌كه روونیده‌كاته‌وه.
كاروان گۆران، ته‌كنیككاری پڕۆژه‌ی ئاوی ئیفراز، بۆ كوردستان24 روونیده‌كاته‌وه، شێلووبوونی ئاو به ئامێرێك ده‌پێورێت پێیده‌گوترێت NTU، ئه‌و ئامێره رێژه‌ی قوڕ و لیته له‌ناو ئاوه‌كه دیاری ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رێژه‌ی قوڕ و لیته له‌ناو ئاو له 1500 تا 2000 NTU ئاساییه، به‌ڵام له‌و رێژه‌یه زۆرتربێت به ناچاری ده‌بێت پڕۆژه‌كه رابگیرێت، چونكه گوشار ده‌خاته سه‌ر ماتۆڕ و فیلته‌ره‌كان، به شێوه‌یه‌ك ناتوانرێت ئاو به‌ربدرێته‌وه، به‌ڵكو ره‌نگه له هه‌ندێك حاڵه‌ت ماتۆڕه‌كانیش رابگرێت.
ئه‌و ته‌كنیككاره روونیشی ده‌كاته‌وه، ئێستا رێژه‌ی NTU، واتا شێلووبوونی ئاوی زێی گه‌وره گه‌یشتووه‌ته 8000، ئه‌وه‌ش چوار هێنده‌ی رێژه‌ی رێگه‌پێدراوه بۆ پاككردنه‌وه و فیلته‌ركردنی ئاو.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، ئێستا له‌و دۆخه‌دا كه رێژه‌ی NTU گه‌یشتووه‌ته 8000، ئه‌گه‌ر ئاو به‌ربده‌نه‌وه، ره‌نگه پڕۆژه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن رابگرێت و به‌شێك له ماتۆڕه‌كانی په‌ك بخات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێژه‌ی قوڕ و لیته‌ی ناو ئاوه‌كه زۆره و فیلته‌ره‌كانیش ناتوانن پاكی بكه‌نه‌وه، له ئه‌نجامیشدا ماتۆڕه‌كان له كار ده‌كه‌ون.