تهعریب له ههولێر
ماوەیەکە بە شێوەیەکی فرەوان باسی پرۆسەی تەعریبکردنی هەولێر دەکرێت، کە ئەم بابەتە مایەی بۆچوونی جیاواز و ههمهڕهنگه، بەتایبەت کە بابەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان زۆر قسەی لەسەرە.
گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کێشە لەسەرەکان (ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم)، وەک کهرکووک و گوڵاڵە خانەقین و خورماتوو، زۆر جیاوازترە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، چونکە رەھەندی ئهو ناوچانه، رەھەندێکی گۆڕینی دێمۆگرافیە، بەڵام شارێکی وەک ھەولێر رەھەندێکی شاری گەورەی مێتروپۆلیتانی وەک ھۆنکۆنگ و دوبەی شارە گەورەکانی تری جیھانە، کە زۆر بە خێرایی پێشدەکەون!
ھەولێر لە ماوەی 10 ساڵ لە دێیەکی گەورە بووهتە شارێکی ھاوشێوەی دوبەی کە دانیشتوانەکەی 3.5 ملیۆن کەسن، کەچی دانیشتووانی بە رەگەز عەرەب نیو ملیۆنیش نابێت! واتە خەڵکی بێگانە شەش ئەوەندەی دانیشتووانی خۆیانن.
ھیچ مەترسیێک لەسەر دوبهی نییە و ناشبێت، چونکە یاساکان وڵات دەپارێزن، واتا بێگانە ھەر بێگانە دەمێنێتەوە ئەگەر خاوەنی بورجی دوبهیش بێت.
ھەولێر بووهتە گرنگترین سەنتەری سەرمایە و وەبەرھێنان لە عێراق (کە ئێمە بەشێکین لە عێراق) و گرنگترین سەنتەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پاش دوبهی.
ئەوانەی خانوو و باڵەخانە و زەوی دەکڕن زۆربەیان سەرمایەدارن و وەبەرھێنەرن کە ھەلیکار دابین دەکەن، ھەولێر بووهتە دەروازەی کار و کەسابەت بۆ زۆربەی عێراق، بۆتە جێگای سەرنج ی پێکەوەژیان بۆ سەرمایەداران و خەڵکی راکردوو لە عێراق و پێكهاته نهتەوایەتییەکان و خەڵکی دیموکراتیخواز.
ئەمانە ھەموویان پێویستیان بە جێگای مانەوە و جووڵە ھەیە، ھەولێر دەستی لە بهیروت و عومان و قاھیرە و بهغدا و ھەموو شارەكانی رۆژھەڵات ساند، ئەوانەی ھاتوونەتە ھەولێر کەسیان سواڵکەر نین، ئەوانە بەردی بناغە و ھێمای پێشکەوتنن لە کوردستانەکەمان، ھەر بۆ نموونە: گەر بۆ چەند رۆژێک بە ھۆی کۆرۆنا دەروازەی ھەولێر دابخرێت، ھەموو کاری بازاڕ و گەشتوگوزار خامۆش دەبێت.
نموونەیەکی راستەقینە لەم بابەتە:
جارێکیان لە وڵاتی ئیمارات ئەنجومەنی دهسهڵات، كه لە لە حەوت حاکمی ئیمارەتەکان پێکدێت، داوای کۆبوونەیەکی بە پەلەیان لە شێخ زاید كرد، کە دەبێ ههڵوێستێكی ھەنووکەیی وەربگرن لەسەر هاتنی کوێتیی و سعوودییەکان کە خەریکی کڕینی سەرجەم زەوییەکانی دوبەین و باڵەخانی بەرزی لەسەر درووست دەکەن و خەریکە دوبەی له دهست ئهوان دهڕوات.
پاش گفتوگۆیەکی سەخت، بەھیچ ئەنجامێک نەگەیشتن، شێخ زاید داوای مۆڵەتی چەند رۆژێکی کرد، دوای ھەفتەیەک کۆبوونەوەی کرد و پێیڕاگەیاندن کە چارەسەری بۆ ئەم دۆخە دۆزیەوە و گوتی:
"من بڕیارم دا ئێوە ھەموو فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان ئاگادار بکەنەوە، ھەر کەسێک خاوەن زەوی یان باڵەخانە، گەر زەوی و باڵەخانەکان لەگەڵ خۆیان ببهن یاساخە و دەبێ ھەر لەوێ لێیانبستێنەوە و دەستی بەسەر دابگیرێ".
حاکمەکانیش بەیەک دەنگ گوتیان: "چون ئەتوانن بیبەن!؟".
ئەویش بە دووربینی خۆی گوتی: "ئەمە (اموال غير منقولەیە) ئەوە ھەر موڵکی خۆمانە، ئێوە بۆ وا تەنگاون؟ ئەمە بووە ھۆی پێشکەوتنی دوبهی".
منیش دەڵێم دەبێت حکومەتەکەمان پیشتیوانی لەو وەبەرھێنانە بکات، بەڵام کەس بۆی نەبێت نفوسی خۆی بگوازێتەوە ھەولێر و شارەکانی تر!
لێدانی نموونەی ئیسرائیل بۆ کوردستان سەرکەوتوو نەبوو !