قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەکرێت

لە هەولێر دەست بە دابەشکردنی پارەکە کراوە
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ، گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بڕی یەک ملیار و نیو دینار، وەک قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر گەیشتووە، چەند رۆژێکە دەستمان بە دابەشکردنی پارەکە کردووە و بەردەوامین".

گوتیشی: "ئەمساڵ وەک ساڵانی پێشتر نییە، ئەو جوتیارەی کە چەکی پێدەدرێت بە یەکجار هەموو پارەکەی بۆ خەرج دەکرێت".

ئاشکراشی کرد: "رەزامەندی 950 ملیۆن دیناری دیکەی پارەی جوتیاران دراوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو بڕەش دەگات و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا: "لەگەڵ بەغدا رێککەوتن کراوە کە ئەمساڵ پارەی گەنمی جوتیاران دوانەکەوێت".

باسی لەوەشکرد: "تائێستا 25٪ی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016، لە بەغدا خەرج نەکراوە و لە هەوڵداین، بۆ ئەوەی ئەوەشیان خەرج بکرێت".

بڕی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ 68 ملیار و 214 ملیۆن و 972 هەزار دینارە، لە بەرامبەر 125 هەزار و 482 تەن گەنمی جوتیاران، تائێستا 7 ملیار و 550 هەزار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم رەوانە کراوە و بڕیارە بە چەند قۆناغێکی دیکە تەواوی پارەکە بنێردرێت.