یەحیا رەسوڵ: لە لوتکەی بەغدا باسی رۆڵی کاریگەری پێشمەرگە دەکرێت

"پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق و رۆڵی هێزی پێشمەرگە لەبیر ناکەین"
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق

K24 – هەولێر

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، لە لوتکەی بەغدا باس لە رۆڵی کاریگەری پێشمەرگە دەکرێت، لە تێکشاکاندنی داعش لە عێراق بەتایبەتی لە مووسڵ.

یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "لە لوتکەی بەغدا باسی رۆڵی کاریگەری پێشمەرگە دەکرێت لە شەڕی تیرۆر، هێزی پێشمەرگە رۆڵی سەرەکی هەبوو لە تێکشکاندنی داعش بە تایبەتی لە مووسڵ".

گوتیشی: "لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەمیشە هاوکاری و هەماهەنگیمان دەبێت، بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش، پێشمەرگە لە شەڕی داعش رۆڵی گرنگی هەبووە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عێراق".

یەحیا رەسوڵ، ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستمان بەوەیە جارێکی دیکە هێزەکانمان بنیات بنێینەوە، سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەین کە هاوکاریمان دەکەن لە بەرزکردنەوەی توانای هێزەکانی عێراق، پاڵپشتییەکی زۆر هەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای هێزەکانمان".

راشیگەیاند: "هەندێک سەرکردە ترسیان لە سەردانیکردنی عێراق هەیە، بەڵام عێراق سەرکەوتوو بووە لە دۆخی ئەمنی و پاراستنی خەڵک، ئەمەش بە قوربانیدانی زۆر هاتووەتە کایەوە، هاتنی شاندی وڵاتان بۆ بەغدا، سەلماندی ئەو راستییەیە کە عێراق سەرکەوتووە لە دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری، لە داهاتوودا شاندی زیاتری وڵاتان دێنە عێراق".

سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال و دۆخی شارۆچکەکە یەحیا رەسوڵ، گوتی: "رێککەوتنی شنگال رێککەوتنێکی گرنگە هەنگاوی باش نراوە، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایسپاردوین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، پەنا بەخوا رێککەوتنەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرێت".

لەبارەی مەترسییەکانی داعش، ئەوەی خستەڕوو: "مەترسی داعش ماوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کەوتوونەتە نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ‌‌هێزەکانی عێراق، لەو شوێنانە بۆشایی ئەمنی هەیە، لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە کارمان کردووە، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانە پڕ بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ناوەندی هەماهەنگی کراونەتەوە، لە رۆژانی داهاتووشدا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ سەر حەشارگەکانی داعش بەردەوام دەبێت".

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، جەختیشی کردەوە: "پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق و رۆڵی هێزی پێشمەرگە لەبیر ناکەین، پێمان وایە بەشداریکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش زۆر گرنگە".