دوای هاتنی سەرۆک ماکرۆن

Kurd24

ترافیکی دیپلۆماسی دەوڵەتی عێراق لەم دوو رۆژەدا لە بەغدا جموجۆڵی زۆری بە خۆوە بینیوە، ئەمەش بە هۆی بەستنی (لوتکەی هاریکاری و هاوبەشی) بووە کە لە رۆژی شەممە رێکەوتی (28)ی ئاگۆستی (2021) و بە ئامادەبوونی شاندی باڵای وڵاتانی دراوسێی عێراق و کەنداو و میسر و کۆمکاری عەرەبی و وڵاتی فەرەنسا بەسترا، کە ئەمەش بە دەستپێشخەری دەوڵەتی عێراق و بۆ چەندین مەبەستی سیاسی و ئەمنی لە بەغدا بەستراوە، یەکێک لە ئامانجەکانی نزیککردنەوەی وڵاتە لێک زویرەکانی دراوسێی عێراقە، وەک تورکیا و ئێران و سعوودیه‌ و هەروەها وڵاتی میسر کە بەینی لەگەڵ وڵاتی تورکیا زۆر خۆش نییە.

بەستنی ئەم جۆرە لوتکانە کە تێیادا وڵاتانی دراوسێی عێراق و وڵاتانی کەنداو و لە نێویشیاندا وڵاتێکی زلهێزی وەک فەرەنسا لەم لوتکەیە بەشدار دەبێت بۆ عێراق گرنگیەکی تایبەتی خۆی هەیە و دەکرێت ببێتە خاڵی دەسپێک بۆ چارەسەر کردنی زۆر کێشەی عێراق، بەڵام بە راستی ئایا دەوڵەتی عێراق بە گشتی و حکومەتی عێراق بە تایبەتی دەتوانێت لە ئاست هێنانەدی ئامانجە زەبەلاحەکانی ئەم لوتکەیە بێت لە کاتێکدا خودی عێراق و حکومەتەکەی نغرۆی سەدان کێشەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و گەندەڵی دارایی و کارگێری و سیاسییە کە (18) ساڵە نەیتوانیوە خۆیانی لێ رزگار بکات؟

ئەم کێشانەی بەرۆکی عێراقیان گرتووە یەک و دوان نین، هێندە زۆرن کە رۆژ بە رۆژیش زێدەتر و زێدەتریش دەبن، بۆیە من گومانم نییە کە ئەم لوتکەیە بە پشکێکی بچوکیش ناتوانێت رزگارکەری عێراق بێت لەو کێشانەی کە تێی کەوتووە، چونکە عێراق بە هەڵبژاردنێکی پێشوەختە تێپەڕ دەبیێت کە دەرهاوێشتەکانی پێمان دەڵێت گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردن زۆر ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت لەوەی ئێستا هەیە، چونکە کێشە سەرەکییەکان و لە نێوشیاندا بوونی میلیشیای دەرەوەی کۆنترۆلی حکومەت و چەکی بەربڵاو، نەک چارەسەر نەکراون، بگرە زەقتر و زەقتریش دەبنەوە بە جۆرێک کە هێزی ئەو میلیشیایانە لە هێزی حکومەت زیاترە و کاریگەری وڵاتی ئیقلیمیش بەسەرەیەوە زیاترە بە تایبەت بۆ سەر میلیشیا وەلائیەکانی شیعە، ئەمە جگە لەوەی کە نێوماڵی شیعەش تەژییە لە تەنگژە.

قسەم زۆر لە سەر لوتکە و دەرئەنجامەکانی نییە کە دڵنیام ناتوانێت فاکتەری چارەسەری کێشەکانی عێراق بێت، بەڵکو قسەم لەسەر هاتنی سەرۆک ماکرۆنە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستان و دیدارییانە لە گەل بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی.

رۆڵی وڵاتی فەرەنسا کە ئەندامی خاوەن دەنگی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیاسەت دارێژەری کیشوەری ئەوروپایە ناهێتە لەبیرکردن بەتایبەت کە لە رابردوودا وەک دۆستێکی مرۆڤ دۆستی گەڵان و دۆستێکی نزیکی گەلی کوردستان لە کاتە سەختەکان هەمیشە پاڵپشتی گەلی کوردستانی کردووە و کاریگەری هەبووە لەسەر بڕیارە نیودەوڵەتییەکان لە هەمبەر ئەو زۆردارییانەی بەرامبەر گەلی کوردستان کراوە.

بێگومان هەڵوێستە جوانەکانی وڵاتی فەرەنسا و سەرۆکەکانی و خاتوو دانیال میتران لە کاتە سەختەکان ناهێنە لەبیرکردن کە بوونە پشت و پەنای گەلی کورد وکوردستان و سەکردایەتییەکەی و مێژووش زۆر بە جوانی هەڵوێستە بوێرەکانی فەرەنسای جێگر کردووە.

لێرەدا قسەم زیاتر لە سەر هاتنی سەرۆک ماکرۆنە بۆ هەرێمی کوردستان و ئایا بارودۆخی ناوچەکە و کوردستان لە دوایی هاتنی بەڕێزیان چی لێدەکەوێتەوە؟

فەرەنسا وەک و‌ڵاتێکی زلهێز لە رابردوودا و لە تەک وڵاتی بەریتانیا و لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان دەستی هەبووە لە داڕشتنی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها رۆڵی هەبووە لە دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە بۆ سەر نەخشەی نوێ و هۆکار بووە بۆ دروستکردنی زۆر وڵاتی نوێ لە ناوچەکە  کە عێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لەسەر دەستی ئەو و بەریتانیا و بە رەزامەندی و ئاگاداری هەر یەکە لە ئیمپراتۆریەتی رووسیا و ئیتاڵیا هاتە بوون، ئەویش لە رێگەی رێککەوتنامەی (سایکس پیکۆ) کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە عێراق کەوتە ژێر ئیستیعماری وڵاتی بەریتانیا و بەر پشکی بەریتانیا کەوت نەک فەرەنسا.

بە خوێندنەوەی مێژوو، کاریگەری وڵاتی فەرەنسامان بۆ دەردەکەویت کە لە رابردوودا چۆن رۆڵی هەبووە لە ناوچەکە و ئێستاش و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەدەیەک لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان، چۆن دەیەوێت جارێکی دیکە رۆڵی هەبێت لە سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکە و لە نێویشیاندا عێراق کە خۆی کاراکتەری سەرەکی لەدایکبوونی ئەو دەوڵەتە بووە، کە کورد و خاکی باشووری کوردستانیان بە زۆر لکاند بە عێراق و بەشی رۆژئاواشیان لکاند بە سووریا و باکووری کوردستانشیان داوە بە تورکیا کە وڵاتی میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو.

شاراوە نییە کە رۆڵی فەرەنسا لە ناوچەکە روو لە بە‌هێزبوونە و لەو نێوەندەشدا خۆشبەختانە هەرێمی کورستان و سەرکردایەتیەکەی بە هۆی دونیابینییە درووستەکەیان و سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک توانیویانە پێگەیەکی بەهێز بۆ ئەم بەشەی کوردستانی گەورە دروست بکەن، بە جۆرێک کە زۆر لە وڵاتانی زلهێز و لە نێویشیاندا وڵاتی فەرەنسا لە گرنگی پێگەی هەرێم و جیوپۆلۆتیکی هەرێم و سیاسەتی نەرم و جێگیربوونی سەقامگیری و ئەمنیەت و ئاسایشی هەرێم و هێز و قارەمانیەتی پێشمەرگە و زه‌مینەی لەباری پێکەوەژیان و پاراستنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییه‌كان لە هەرێم باش تێدەگەن، بۆیەشە بە چاوێکی  دیکەوە سەیری ئەم بەشەی وڵاتی عێراق دەکەن.

زۆر سەرۆک و بەرپرسی باڵای وڵاتانی دونیا سەردانی هەرێم و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمیان کردووە و هەمووشیان لە پێگە و کاریگەری هەرێمی کوردستان لەناو عێراق  و ناوچەکە گەیشتوون و دەزانن کە کوردستان روکن و کاراکتەرێکی سەرەکی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیە و هێزی پێشمەرگەش قەڵغانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە بۆ پاراستنی عێراق و ناوچەکە و بگرە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتانی ئەوروپیش.

بۆیە ئێستاش كه‌ سەرۆک ماکرۆن سەردانی هەرێم دەکات گومانی تێدا نییە پێگەی هەرێم لە رووی دیبلۆماسییەوە هەنگاوێکی دیکە دەچێتە پێشەوە، ئەم پێشڤەچوونە دیپلۆماسییانەش دەتوانێت پێگەکەی بە هێز و بەهێزتر بکات، ئەگەر کە لە نێوخۆی خۆشمان بتوانین زۆر لەو کێشانەی کە تا ئێستا بەرۆکی هەرێمیان گرتووە و نەمانتوانیوە بە دروستی بنبڕیان بکەین، بە تەواوی هەوڵ بۆ  چارەسەرکردنیان بدەین، لە هەمووشیان گرنگتر یەکخستنێکی رێکوپێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پرسی چاکسازیی و نەهێشتنی گەندەڵییە کە دوو پرسی جددین کە وڵاتانی دۆستیش هەمیشە جەخت لە چارەسەرکردنی دەکەنەوە، خۆشبەختانە هەنگاوی باش بۆ چارەسەرکردنی ئەم دوو بابەتە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی عێراق نراوە کە بەراستی جێگەی ئومێدن، بۆیە لەگەڵ هەر سەردانێکی دیپلۆماسی باڵای وڵاتانی زلهێز و لە دوای گەڕانەوەی ئەو شاندانە بۆ وڵاتەکانیان، ئەوا پێویستە هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان  خێراتر ببن بۆ بەهێزکردن و یەکخستن و یەکگرتوویی نێوخۆیی و هەوڵی زیاتر و خێراتر بدرێت بۆئەوەی لە رووی سیاسی و  ئابوورییەوە  ژێرخان و پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر و بەهێزتر بکرێت.