پەیامەکانی ماكرۆن!

Kurd24

هاتنی (ئیمانوێل ماكرۆن) سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان و پێشوازی لێکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار (نێچیرڤان بارزانی) جێگای شانازی و هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە هاتنی (ماكرۆن) پەیامگەلێک لەخۆ دەگرێت لە ئاستەکانی (سیاسی و دیبلۆماسی و ئەمنی و ئاسایش و ئابوری و کەلتوری...هتد)

لە خوارەوە بە کورتی ئاماژە بە بەشێکیان دەکەین:

یەکەم: پەیامی سیاسی و دیبلۆماسی:

کۆماری فەڕەنسا (وەک وڵاتێکی زلهێزی ئەوروپی و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش) پشتگیری و پاڵپشتی خۆی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەم سەردانەی (ماكرۆن) پەیامێکی روونی فەڕەنسایە بۆ هەماهەنگی (سیاسی و دیبلۆماسی) لەگەڵ هەرێمی کوردستان، واتە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی دەبێت لە سیاسەت و ستراتیژی دەرەوەی فەڕەنسادا، هەروەک چۆن فەڕەنسا لە رابردوودا پشتگیری راستەوخۆی دەرکردنی بڕیاری (688)ی کردووە، بەهەمان شێوە لە ئێستا و داهاتووشدا فەڕەنسا گرنگی دەدات بە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

دووەم: لە ئاستی ئەمنی  و ئاسایش:

هاوکاریەکانی فەڕەنسا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن بەتایبەت بۆ شەڕی تیرۆر و پشتگیریکردن لە پێگەی سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هەروەها فەڕەنسا لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتودا بەردەوام دەبێت لە مانەوی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵ.

سێهەم: لە ئاستی ئابووری و وزە:

فەڕەنسا گرنگیەکی زۆر بە فراوانکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات لەسەر ئاستی ئابووری و ووزە، چونکە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەسەر نەخشەی ووزەی جیهانی.

چوارەم: لە ئاستی کەلتوری و پێکەوەژیان:

فەڕەنسا گرنگیەکی تایبەت بە پێگەی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەدات، چونکە ئەم پێگەیە (پێگەیەکی یونیک و بێ وێنەیە) لەسەر ئاستی عێڕاق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم سەردانەی (ماكرۆن) بە هەموو پێوەرەکان سەردانێکی گرنگ و مێژووییە، چونکە وێڕای پەیامگەلی سەرەوە، پەیامێکی تایبەت ئاراستەی عێڕاق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەکات و پێیان دەڵێت کەوا پێگەی جیۆپۆڵەتیکی هەرێمی کوردستان بەلای فەڕەنساوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە و حکومەتی فەڕەنسا بەردەوام دەبێت لە ئەرکی پاراستنی ئەم هەرێمە وەک پێگەیەکی سەقامگیر و قەوارەیەکی دەستوری و یاسایی.