درۆنەکانی تورکیا چەند بڕ دەکەن

Kurd24

راگەیاندنی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (ئاکنجی) لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە هەندێ دەزگەی راگەیاندن و سۆشیال میدیا لێکەوتەوە. وەک ئەردۆغان رایگەیاندوه‌،"بە دروستکردنى فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکنجی وڵاتەکەمان  بوو بە یەکێک لەو سێ وڵاتەی جیهان کە خاوەنی ئەو تەکنەلۆژیایە بن، ئەوەی لە ناوچەکەدا بیەوێت بەردێک لە شوێنی خۆی لابدات، پێویستە سەرەتا رەزامەندیی تورکیاوە بەدەستبهێنێت، بەبێ تورکیا لە ناوچەکە ئاشتی بەدەستنایەت".

دوای بینینی ئەو هەواڵە مێژووی سوڵتانە عوسمانییەکانم بیرکەوتەووە!

ئه‌ردۆغان بە دروستکردنی درۆنێک کە وەک خۆی باسی دەکات، بەهۆی ئەو فڕۆکەیەوە کەس لەمەو دوا بۆی نيە بەردێک بجوڵێنێ بەبێ ئاگاداری تورکیا!

ئەردۆغان بە خەونی شکۆی گەڕاندنەوەی سەردەمی عوسمانییەکان ئەو پەیامانە، دەنێرێت، ئەوەش پێچەوانەی رووداوە جیهانییەکانی ئێستایە :

-  ئەمریکا، ئەفغانستان بەجێ دەھێڵێت پاش خەرجکردنی پارەیەکی زۆر و رەنجی بیست ساڵەی بە بەھای دوو ھەزار ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بایەخەکانی ستراتیجییەت و سیاسەتی ئەم وڵاتە بە پلەی 180گۆڕا .

- (چین) لە پڕەوە بەرەو مەریخ و موشتەری دەڕۆن و تەکنەلۆجیای نانۆیان بەرەو ئاستی سەرنجڕاکێش برد کە کەس باوەڕی نەدەکرد!  ئەوان دەتوانن پلەی گەرمای مرۆڤ لە دووری ھەزاران مەتر بخوێننەوو و رۆبۆتەکانیان شان بەشانی یەک ملیار و شەشسەد ملیۆن کەسی کار دەکەن . کەلوپەل و خواردەمەنی بۆ ھەموو جیھان دەنێرن! ؟

ھەر دۆلارێک پچێتە باخەڵیان بە فیڕۆی نادەن! شەو رۆژ کار دەکەن ! ھەروەک کێبڕکێیان لەگەڵ کاتدا دابێت !

تەنانەت گوگڵی چینی دەتوانێ ژوری خەوتنی ھەمومان ببینێ ، ھەتا سەرۆکی ئەمریکا و ئه‌ردۆغانیش !

٢- لەکاتێکدا ئه‌ردۆغان باس لە فڕۆکەیەکی شەڕی بێ فرۆکەوان دەکات بە 300 کیلۆ تەقەمەنی ، کە گوایە کەس بۆی نییە ، تەنانەت یەک بەرد بجوڵێنێ بەبێ ئاگاداری تورکیا،بەڵام دەبێ هه‌موو لایەک ئەوەیان لەبیربێت کە بۆمبە ئۆتۆمییەکانی ئەمریکا دەتوانن کۆی گۆی زەمین 6 جار کاول بکەن، و ئەوانی روسیاش 8 جار گۆی زەمین لەناو ببەن!

سەرۆکی تورکیا باس لە درۆنێک دەکات کە دەتوانێت 300 کیلو تەقەمەنی  ھەڵگرێ! بەڵام باس لەوە ناکات کە ھەر سەرێکی ئۆتۆمی روسی ، چینی یان ئەمریکی دەتوانێ شارەکانی وەک نیویۆرک و مۆسکۆ، پاریس ، لندن ، پەکین و ئەستەنبۆڵ بە چەند چرکەیەک لەسەر نەخشەی زەمین بسڕنەوە !

 ئێستا سەردەمی سوڵتان محەمەد فاتح نییە، کاتێک ئیستەنبۆڵی لە دەست یۆنانیەکانی بۆ نەگیرا و کەشتیەکانی جەنگی لەسەر پشتی ئەسپ و مرۆڤ لە بەرزاییەکانەوە بۆ دەشتەکان گواستەوە بۆ ئەودیوی بۆ دەریای مەڕمه‌ڕە، توانی ئیستەنبۆڵ کۆنترۆل بکات بیخاتە ژێر دەستی خۆی!

دەیەوێت، بەمجۆرەی سوڵتان دەستی بەسەر ئەستەنبۆڵی پایتەختی جیھاندا  گرت ،  بەو درۆنە، جوڵەی بەردێک لە ھەموو ناوچەکە یاساخ بکات ! پێویستە واز لەم جۆرە سیاسەتە بھێنرێت و پێداچوونەی پێدابکرێتەوە.

سیاسەتی ھەموو  ناوچەکە لە دروستکردنی درۆنێک تەسک نەکرێتەوە و لەبری هێز، بکەوێتە ھەوڵی ئاشتی لە گەڵ ھەموو گەلانی تورکیا و وڵاتانی دراوسێ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی.