سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارتی گەلی كۆماری توركیا دەكات

سه‌رۆك بارزانی: قەدەری گەلانی ناوچەكە ئەوەیە لەگەڵ یەكتر بژین و زمانی نكۆڵیكردنی بەرانبەر بەلاوەبنێین
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ جێگری پارتی گەلی کۆماری توركیا كرد
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ جێگری پارتی گەلی کۆماری توركیا كرد

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی، ئه‌مڕۆ یەكشەممە (5ی ئەیلوول/ سێپتێمبه‌ری2021) لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) بە سەرۆكایەتیی "ئۆگوز كان سالیجی"، جێگری پارتی گەلی کۆماری توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا جێگری پارتی گەلی كۆماری توركیا سڵاوی سەرۆكی پارتەكەی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی توركیا رایگەیاند، كە دیموكراتخوازی دەبێتە هۆكارێك بۆ پێشكەوتنی ناوچەكە و بە پێویستی زانی كە لایەنە دیموكراتییەكانی ناوچەكە پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ یەكتر هەبێ بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری و پێشكەوتن.

هەروەها جەختیشی لە بایەخ و كاریگەریی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و عێراقدا كردەوە و خوازیاری ئەوە بوو، كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر و قووڵتر ببن.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و رایگەیاند، كە قەدەری گەلانی ناوچەكە ئەوەیە كە لەگەڵ یەكتر بژیین و باشترین رێگەش بۆ ئەو ژیانە، برایەتی و ئاشتی و چارەسەركردنی گرفتەكان و بەلاوەنانی زمانی نكۆڵیكردنی بەرانبەرە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە هەموو لایەكمان پێویستیمان بەوە هەیە سوود لە ئەزموون و هەڵەكانی رابردوو و وەربگرین و خزمەتی ئاشتی و پێكەوەژیانی نێوان گەلان بكەین.

دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەری دیكه‌ی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

جێگەی ئاماژەپێکردنە لەو دیدارەدا "فازل میرانی" سکرتێر و "زەعیم عەلی" و "جەعفەر ئیمینکی" ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و "هوشیار سیوەیلی" بەرپرسی مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوون.

سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی پارتی كۆماریی گەلی توركیا كرد
سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی پارتی كۆماریی گەلی توركیا كرد