به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره بڕیارێك له به‌رژه‌وه‌ندی عومره‌كارانی كوردستان ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی حه‌ج و عومره له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بنه‌مای پلانێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هه‌رێمی كوردستان، نرخی عومره بۆ عومره‌كارانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مكرایه‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا، شێخ نیاز نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەى له هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، لەچوارچێوەی پلانێکی گونجاوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بەگرتنەبەری چەند رێکارێك و پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی باڵای حەجی عێراقی و کۆمپانیا فرۆکەوانییه عێراقییه‌كان، ھەروەھا ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تایبەت بەگواستنەوەی عومرەکاران، لەھەنگاوی یەکەم توانرا نرخی عومرە لەبەشێکی کۆمپانیاکان داشکێندرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: لەگەڵ دەست پێکردنەوەی گەشتەکانی عومرە نرخی ھەر عومرەکارێك نزیکە (1500) دۆلاری ئەمەریکی بوو واتە 15 وەرەقە، بەڵام ئێستا نرخی عومره به‌شێوه‌یه‌ك داشكێندراوه، كه لەبەشێکی بەرچاوی کۆمپانیاکان نرخی عومرە بۆ (1000) دۆلار واتە بۆ(10) وەرەقە کەم کرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە جه‌ختیشی كرده‌وه، بەردەوام دەبین بۆ گرتنەبەری ھەر رێکار و ھاوکاریەك بۆ کۆمپانیاکان، بەتایبەتی ئەوانە نرخەکانی عومرە لەبەرژەوەندی ھاووڵاتیان و عومرەکاران دادەبەزێنن، بۆئەو مه‌به‌سته‌ش پلانی دیكه لەبەردەستدایە.
H.B