چەکدارێکی داعش لەجیاتی بەراز بە تەڵەی جوتیارانەوە بوو

چەکدارێکی داعش کارەبا کوشتی، کارەباکە بۆ راوکردنی بەراز دانراوە، چەکدارێکی داعش پێوەبووە
وێنەی ئەو چەکدارەی بە تەلی کارەباوە بووە
وێنەی ئەو چەکدارەی بە تەلی کارەباوە بووە

K24 – کەرکووک

خەڵکی گوندێکی سنووری کەرکووک لە رێگەی تەلی کارەباوە، تەڵە بۆ بەراز دادەنێن، بەڵام لە بری بەراز چەکدارێکی داعش پێوەبوو.

شەوی پێنجشەممەی رابردوو، لەنێوان گوندی سێبیران و شەحەلی کۆن لە سنووری شارەدێی سەرگەڕانی سەر بە شارۆچکەی دووبز لەخۆرئاوای کەرکووک، سوپای عێراق لە کامێرای چاودێرییەوە چەند چەکدارێکی داعش دەبینن، دوای جوڵاندنی هێز و گەمارۆدانی شوێنەکە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە دروستبووە، دواتر هێزەکەی سوپای عێراق شوێنەکە بەجێدەهێڵن، ئێوارەی رۆژی هەینی 10/9/2021، لەلایەن جوتیارانی ناوچەکەوە تەرمی چەکدارێکی داعش دەبینرێت، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری دەکەن لە کەرکووک.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پۆلیسی سەرگەڕان بە کوردستان24ی راگەیاند: "تەرمەکەی داعش هیچ شوێنەوارێکی گولـلەی پێوەنەبووە، بۆیە دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کارەبا گرتوویەتی".

روونیکردەوە: "جوتیارانی سنوورەکە بە شەوان لە رێگەی تەلی کارەباوە کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان دەپارێزن دەکەن، بە مەبەستی راوکردن و دوورخستنەوەی بەراز، کە بەشەوان زیان بە بەروبوومەکانیان دەگەیەنن، بەڵام لە بری بەراز چەکدارێکی داعش پێوە بووەو گیانی لەدەستداوە".