هۆشداری کارەساتی گەورە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمه‌ریکا دەدرێت

"هێزەکانی عێراق لە بواری هەواڵگری، چاودێری ئاسمانی و تەکنەلۆژیای مانگە دەستکردەکان کەموکوڕی زۆریان هەیە"
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق

K24- هه‌ولێر:

بەگوێرەی لێکدانەوەی چاودێرانی ئەمنی عێراق، ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا خوێندنەوەی وردی بۆ نەکرێت؛ ئەوا عێراق تووشی بۆشاییەکی ئەمنی گەورە دەبێتەوە، چونکە تا ئێستا هێزەکانی عێراق لە بواری هەواڵگری، چاودێری ئاسمانی و تەکنەلۆژیای مانگە دەستکردەکان کەموکوڕی زۆری هەیە.

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئاشکرایكرد، سەرەتای مانگی داهاتوو، دەست بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا دەکرێت، پڕۆسەکە تا 31ی کۆتا مانگی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

بەدر زەیادی، ئەندامی لیژنەکە گوتی: بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، سەرجەم هێزە شەڕکەرەکان تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق دەکشێنەوە.

هاوکات فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراق، بە رۆژنامەی "عەرەبی ئه‌لجەدید"ی راگەیاندووە، هێزەکانی ئەمه‌ریکا دەکشێنەوە و بەشێک لە ئامێر و کەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە بەجێده‌هێڵن.

گوتیشی: دوای کشانەوە نەخشەی سەربازی ئەمه‌ریکا لە عێراق وەک خۆی دەبێت، هەر دوو بنکەی هەریر لە هەولێر و عەین ئەسەد لە ئەنبار، دوو بنکەی سەرەکی دەبن.

لەبارەی مەترسییەکانی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکاش، محەمەد سەیهود، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی به‌وه‌ کرد، هەرچەندە دۆخی عێراق هاوشێوەی ساڵی 2014 نییە، بەڵام هێشتا هێزە ئەمنی و سەربازییەکان پێویستییان بە مەشق و راهێنانه‌ لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە هەیە.

سەبارەت بە هەڵوێستی میلیشیاکانیشەوە، "عادل گەرعاوی"، سەرکردە لە گرووپی ئەنساڕوڵڵا ئەوفیا پێیوایە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، هێزەکانی عێراق توانای خۆیان سەلماندووە، بۆیە پێویست ناکات هێزی بیانی لە عێراق بن، هەروەها گوتی، ئەمه‌ریکا لە رێگەی بۆردوومانه‌ ئاسمانییەکانه‌وه‌ دەیەوێت حەشدی شەعبی لاواز بکات.

چاودێرانی ئەمنیش دەڵێن، ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا خوێندنەوەی وردی بۆ نەکرێت؛ ئەوا عێراق تووشی بۆشاییەکی ئەمنی گەورە دەبێتەوە، چونکە تاوەکو ئێستا هێزەکانی عێراق لە بواری هەواڵگری، چاودێری ئاسمانی و تەکنەلۆژیای مانگە دەستکردەکان کەموکوڕی زۆریان هەیە.

 

د.ی