کۆمیسیۆن وردەکاری دەنگدانی تایبهت ئاشكرا دهكات
K24- ههولێر:
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وردەکاری و رۆژی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی ئاشکرا دەكات.
گوتەبێژی كۆمیسیۆنەكە رایدەگەیەنێت، دەنگدانی تایبەت بە ھێزە سەربازی و ئەمنییەكان، ئاوارەکان و زیندانیان لە 8ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لەڕێگەی کارتی بایۆمەتریی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت.
دوو رۆژ بەر لە بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، بۆ ئاوارە و زیندانیان لە رێگەی کارتی بایۆمەتری بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەوە "جومانە غەلای"، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، 2 هەزار و 584 وێستگەی تایبەت بە هێزەکانی سەربازی و ئەمنی لەنێو بارەگاکان لە سەرتاسەری وڵات دەکرێنەوە، ھەروەھا 309 وێستگە بۆ ئاوارەکان و 7 وێستگەش بۆ زیندانیان لە 5 پارێزگای سلێمانی، دھۆك، واست، موسەننا و میسان دەكرێنەوە.
ئەو زیندانیانەی كە كەمتر لە پێنج ساڵە لە زیندان دان دەتوانن دەنگ بدەن، ھەروەھا کاغەزی دەنگدانی تایبەت جیاوازە لە کاغەزی دەنگدانی گشتی و کارتی ئەلیکترۆنییەکانیشیان جیاوازە، چونكە کۆدی تایبەتیان ھەیە، كە بۆ هەموو وێستگەکان دەگونجێت.
هەر وێستگەیەکی دەنگدان رێنوێنی دەبێت کە یارمەتی دەنگدەر دەدات لە دۆزینەوەی پارێزگاکەی و شوێنی جوگرافی خۆی، كە لەلایەن کۆمیسیۆن و ئۆفیسەکان دیاریكراوە، دوای ئەوەی كە دەنگی دا، کارتی هەڵبژاردنەکەی دادەخرێت و رێگە نادرێت جارێکی دیكە دەنگ بداتەوە.
دەنگدەرانی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت کە لە ساڵی 2018ەوە لە ریزی هێزەکانی ئەمنی و سەربازین، پێویستە بە مەبەستی وەرگرتنی کارتی بایۆمەتری تایبەت بە ھێزە ئەمنییەكان كۆدی 50 یان ھەیە، سەردانەی ئەو بنكانە بكەن، كە ناویان تیادا تۆماركراوە بۆ وەرگرتنی کارتی نوێ و رادەستکردنی كارتی پێشوو.
گوتەبێژی كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون ئێستا خانەنشینن، یان دامەزراوە ئەمنی و سەربازیەكانیان جێهێشتووە، لە رێی بایۆمەترییەوە ناویان تۆماركراوە و كارتیان ھەیە، دەبێت بە مەبەستی وەرگرتنی کارتەکانیان سەردانی ئەو بنکەكانە بكەن، كە ناویان تیادا تۆماركردووە، چونکە مافیان نییە لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگبدەن و دەبێت لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگبدەن.
د.ی