دوێنێ دژایه‌تی كوردستانیان ده‌كرد و ئه‌مڕۆش خۆیان وه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌خۆ ده‌ناسێنن

دوای ئه‌وه‌ی له‌ حزبه‌كانیان سڕكران و ده‌ركران، ده‌یانه‌وێت به‌ ناوی سه‌ربه‌خۆ هاووڵاتییان فریو بده‌ن

K24- سلێمانی:

به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانى په‌رله‌مانى عێراق كاريان ته‌نها دژايه‌تى هه‌رێمى كوردستان بوو، جگه ‌له‌وه‌ش پشتيگرى جياكردنه‌وه‌ى سلێمانيان له‌ كوردستان ده‌كرد، ئێستاش به‌ناوى سه‌ربه‌خۆ خۆيان كانديد كردووه‌، چاودێرێكى سياسیش به‌شداری كارای هاووڵاتییان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و گرفته‌ ده‌زانێت و كانديدێكى پارتى دیموكراتیش له‌سلێمانى جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، پێويسته‌ هاووڵاتیيان ده‌نگ به‌و كانديدانه‌ بده‌ن، كه‌ داكۆكى له‌ مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكه‌ن.

له‌كاتێكدا پێشتر كه‌سانێك كه‌مپینیان بۆ داواكردنى جياكردنەوەی سلێمانی له‌كوردستان راگه‌یاندبوو و به‌قسه‌ى پرشنگدار به‌ڵێنى پێدانى مووچه‌ى راسته‌وخۆ له‌به‌غدا به ‌مووچه‌خۆرانى سلێمانى ده‌درا، به‌شێكيان له‌وانه‌ى به‌شدارى ئه‌م كاره‌ بوون، په‌رله‌مانتارى كوردى عێراق بوون، له‌لايه‌ك كوردبوونيان به‌ هاووڵاتيانى ئه‌م نيشتيمانه‌ ده‌فرۆشت، له‌لايه‌كى دیكەوە‌ داوايان ده‌كرد، به‌شێكى گرنگى كوردستان‌ راده‌ستی ‌به‌غدا بكه‌ن، له‌و باره‌شه‌وه‌ به‌هرۆز حه‌عفه‌ر، چاودێرى سياسى بەگرنگی دەزانێت ھاووڵاتییان بە شێوەیەكی فراوان بەشداری له‌ پرۆسه‌ی ھەڵبژاردندا بكەن، بۆ ئەوەی ئەوەی لە رابردوودا روویدا، له‌ داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.

جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى پشتگيرى كه‌مپینی بۆ جياكردنه‌وه‌ی سلێمانییان له‌ كوردستان ده‌كرد، هه‌ر به‌وه‌ نه‌وه‌ستان، به‌ڵكو له‌ كه‌ناڵه‌ عێراقييه‌كان هێرشي توندیان ده‌كرده‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، له‌كاتيكدا به‌ده‌نگى كورد چووبوونه‌‌ په‌رله‌مان، شنؤ نوورى، كانديدى پارتى دیموكراتی كوردسان له ‌سلێمانى بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گوتی: پێويسته‌ هاووڵاتيان ده‌نگ به‌و كانديدانه‌ بده‌ن، كه‌ له‌ به‌غدا داكۆكى له‌مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەكه‌ن.

ئێستا به‌شێك له‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ى دژايه‌تى هه‌رێمى كوردستانيان ده‌كرد و هه‌وڵيان بۆ نه‌هێشتنى قه‌واره‌ى سياسى هه‌رێمی كوردستان بوو، دواى ئه‌وه‌ى له‌حزبه‌كانيان سڕكران و ده‌ركران، خۆيان كانديد كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ناوى سه‌ربه‌خۆ‌ ده‌يانه‌وێت هاووڵاتيانى كوردستان فريو بده‌ن.

H.B