قەیرانی سووتەمەنی لە نیشتمانی نەوتی برێنت ههیه
K24 - ههولێر:
بەریتانیا دووچاری قەیرانێکی قووڵی بەنزین بووەتەوە، کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم و چەندین کۆمپانیایهكی دیکە ناچار بوون بەهۆی کەمبوونەوەی بەنزین وێستگەکانیان بە شێوەیەکی کاتی دابخەن.
بەهۆی کەمی سووتەمەنییەوە، ئۆتۆمبێلێکی زۆر لەبەردەم بەنزینخانەکان نۆرەیان گرتووە. دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە هۆکاری قەیرانی بەنزین بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی شۆفێرانی بارهەڵگر دەگەڕێننەوە، کە بەهۆیەوە پڕۆسەی دابینکردنی سووتەمەنی سست بووە.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی کۆمەڵەی گواستنەوەی زەمینی بەریتانیا، کێشەی کەمی نزیکەی 100 هەزار شۆفێری بارهەڵگریان هەیە، هەروەها بەهۆی رێوشوێنەکانی پەتای کۆرۆنا و دەرچوونی بەریتانیا له یهكێتی ئهوروپا کێشەکە قووڵتر بووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی "بی بی سی"ی بەریتانی، بەهۆی ئەو قەیرانەوە حکومەتی بەریتانیا لە توێژینەوەدایە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر بکات و ئیمتیازاتی زیاتریان پێ بدات، ئەوەش وەک رێوشوێنێکی خێرایە تاوەکو کێشەی بەنزین لە وڵاتەکە چارەسەر بێت.
لە راپۆرتی میدیاکانی بەریتانیادا هاتووە، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 5 ههزار ڤیزای کاتی بە شۆفێرانی بارهەڵگر بدرێت. هەر گۆڕانکارییەکیش لە یاسای کۆچبەری بەریتانیا کاتی دەبێت.
ئێستا حکومەتی بەریتانیا و بەرپرسانی سووتەمەنی هەوڵدەدەن دڵنیایی بە بەریتانییەکان بدەن، جەخت لە نەبوونی کەمی سووتەمەنی دەکەن و داوا لە هاووڵاتیانیان دەکەن، لە بەنزینخانەکان قەرەباڵخی دروست نەکەن.
بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵانەی حکومەت، کەمی ژمارەی شۆفێران هەڕەشهی لەسەر دابینکردنی بەنزین و خۆراك و کاڵا سەرەکییەکان دروستکردووە.
هەروەها کۆمپانیای "بی پی"، 20 بەنزینخانەی لە کۆی 1200 بەنزیخانەی داخستووە و نزیکەی 50 تاوەکو 100 بەنزینخانەش بەهۆی کەمی بەنزینەوە کاریگەر بوونە.
کۆمپانیای "ئێکسۆن مۆبیل"یش کە خاوەنداری کۆمپانیای "ئێسۆ" دەکات رایگهیاند، ژمارەیەک وێستگەیان دووچاری کەمی بەنزین بووە.
د.ی