160 پێشێلکاری لە بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکراون

کۆمسیۆن: بەشێک لە کاندیدان پابەندی رێنماییەکان نەبوونە
پۆستەری ژمارەیەک کاندید لە شەقامێکی بەغدا
پۆستەری ژمارەیەک کاندید لە شەقامێکی بەغدا

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای بانگەشەوە تا ئێستا 160 پێشێلکاری تۆمارکراون.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی راگەیاند، تا ئێستا 160 پێشێلکاری لەلایەن هاووڵاتییان و کاندیدان ئەنجامدراون و لە نووسینگەکانی کۆمسیۆن تۆمارکراون، هەندێک کاندید دوای ئاگادارکردنەوە پێشێلکارییەکانیان لابردووە.

جەختیش دەکاتەوە، کۆمسیۆن رێنمایی پێویستی داوەتە کاندیدان، بەکارهێنانی سامانی گشتی و شوێنە گشتییەکان و تابلۆکانی هاتووچۆی قەدەغەکردون و چەندین رێنمایی دیکەی داوە، بەڵام بەشێک لە کاندیدان پابەند نەبوون پێیەوە.

گوتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکراشی کرد، کۆمسیۆن دوو هەزار و 584 بنکەی بۆ هێزە ئەمنییەکان ئامادە کردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەر هەیە، هەروەها 309 بنکە بۆ ئاوارەکان و حەوت بنکە لە گرتووخانەکان ئامادە کراون بۆ دەنگدانی تایبەت، کە بڕیارە 8ی مانگی داهاتوو دوو رۆژ بەر لە دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت.