له شه‌ڕی دوو گرووپی مافیایی له‌ناو به‌ندیخانه 24 كه‌س كوژران
K24 - هه‌ولێر:
رۆژی سێشه‌ممه، دوو گرووپی مافیایی له ناو یه‌كێك له به‌ندیخانه‌كانی وڵاتی ئیكوادۆر ده‌بێته شه‌ڕیان و به‌هۆیه‌وه 24 كه‌س كوژران و 48 به‌ندكراوی دیكه‌ش برینداربوون.
به گوێره‌ی میدیاكانی ئیكوادۆر، سه‌ره‌تا پشێوی له نێو به‌ندیخانه‌ی "لیتورال"ی شاری "گوایاكیل"ی پایته‌ختی هه‌رێمی "گایاس"ی ئه‌و وڵاته سه‌ریهه‌ڵداوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوو گرووپی مافیایی له‌ناو به‌ندیخانه‌كه بووه‌ته شه‌ڕیان، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ سه‌رۆكایه‌تی ناو به‌ندیخانه‌كه بكات.
وه‌ك باس ده‌كرێت به‌هۆی توندوتیژییه‌كان و به‌كارهێنانی چه‌قۆ و كه‌لوپه‌لی تیژ، 5 كه‌س سه‌ریان به ته‌واوه‌تی له‌لاشه‌یان جیابووه‌ته‌وه، دواتریش هێزه ئه‌منییه‌كان به هێزێكی زۆر و چه‌كه‌وه چوونه ناو به‌ندیخانه‌كه و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر ئینجا دۆخه‌كه‌یان كۆنتڕۆڵ كرد.
وه‌ك له‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه، چه‌ند به‌ندكراوێك ده‌چنه سه‌ر بانی به‌ندیخانه‌كه و ده‌نگی ته‌قه و ته‌قینه‌وه‌ش له‌ناو به‌ندیخانه‌كه ده‌بیسترێت.
به‌هۆی زۆری تاوان له‌و وڵاته، ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر به‌ندكراو له به‌ندیخانه‌كان هه‌ن و ئێستا ژماره‌ی به‌ندكراوان گه‌یشتووه‌ته 39 هه‌زار كه‌س، له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته ده‌توانێت شوێنی 30 هه‌زار به‌ندكراو بكاته‌وه، ناوه ناوه‌ش توندوتیژی و شه‌ڕ له‌ناو به‌ندیخانه‌كان رووده‌دات و ژماره‌یه‌كی زۆریشیان ده‌كوژرێن و ده‌بنه قوربانی.