چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت ماون
K24- هه‌ولێر:
سبه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بڕیاره زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س له ده‌نگدانی تایبه‌تدا ده‌نگ بده‌ن.
جومانه غه‌لای، گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند: ته‌واوی رێكاره‌كانی ده‌نگدانی تایبه‌ت كۆتاییان هاتووه و ملیۆنێك و 75 هه‌زار و 727 كه‌س له هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌نگده‌ده‌ن.
گوته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن گوتیشی: 120 هه‌زار ئاواره و 776 زیندانیش كه مافی ده‌نگدانیان، له گرتووخانه‌كان ده‌نگ ده‌ده‌ن.
وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، هێزه ئه‌منییه‌كان له 595 بنكه كه به‌سه‌ر دوو هه‌زار و 584 وێستگه‌دا دابه‌شكراون، ده‌نگ ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها ئاواره‌كانیش له 86 بنكه ده‌نگ ده‌ده‌ن.
رۆژی 10ی ئه‌م مانگه، ئۆكتۆبه‌ری 2021 ده‌نگدانی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر 329 كورسیی په‌رله‌مانی ركابه‌ری ده‌كه‌ن.
له‌ساڵی 1924، له سه‌رده‌می رژێمی پاشایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی دامه‌زراوه‌یی شاهانه‌ی عێراقی دامه‌زرا و ده‌ستووری عێراقیی داڕشت و تێیدا جه‌خت له ده‌ستووریبوونی سیسته‌می شاهانه ده‌كرایه‌وه.
یه‌كه‌م په‌رله‌مانی عێراقی دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و چه‌سپاندنی سیسته‌می شاهانه له ساڵی 1925 بوو، هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا ده‌ستوور داوای كرد په‌رله‌مان به‌سه‌ر دوو ئه‌نجوومه‌ندا دابه‌ش بێت، ئه‌وانیش: ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پیران.
هه‌رچی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بوو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرا، به‌ڵام ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پیران له‌لایه‌ن پادشاوه ده‌ستنیشان ده‌كران.
له ماوه‌ی نێوان ساڵی 1925 تا كوده‌تایه‌كه‌ی ساڵی 1958، 16 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی به‌ڕێوه‌چوون و دوایین هه‌ڵبژاردنیش له مایس/ ئایاری ساڵی 1958 به‌ڕێوه‌چوون.
هه‌ر له ساڵی 1958 و دوای رووخاندنی رژێمی پاشایه‌تی و په‌رله‌مانی له‌سه‌ر ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی 14ی ته‌ممووز/ یۆلیۆ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی ئازاد به سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم سیسته‌می كۆماری له عێراق راگه‌یه‌ندرا.
له ساڵی 1963 حزبی به‌عس كوده‌تای ئه‌نجامدا و دواتر له ساڵی 1970 به‌گوێره‌ی ده‌ستوور ئه‌نجوومه‌نێك به ناوی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی دامه‌زرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1980 هیچ هه‌ڵبژاردنێكی گشتی به‌ڕێوه نه‌چوو.
دواتر له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1989 تا 2003 ژماره‌یه‌ك هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوون.
ئه‌وكات ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی پاڵپشتێكی گه‌وره‌ی رژێمی سه‌دام بوو و به‌لای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش هه‌ڵبژاردنه‌كان ئازاد و پاك نه‌بوون، چونكه ئه‌و كه‌سانه هه‌ڵده‌بژێردران، كه ته‌واو لایه‌نگر و ئه‌ندامی حزبی به‌عس بوون.
ساڵی 2003، رژێمی به‌عس به سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و هاوپه‌یمانه‌كانیان روخێندرا. له مارسی ساڵی 2004 ئه‌نجوومه‌نی ئیداری كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیئتیلافی كاتییه‌وه پێكهێنرا، ده‌ستوورێكی كاتیی په‌سه‌ند كرد و داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی كاتیی كرد، كه واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كۆتایی یه‌نایه‌ری ساڵی 2005 تێپه‌ڕ نه‌كات و له‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه پێویسته ده‌ستووری هه‌میشه‌یی داڕێژن و دواتر بۆ په‌سه‌ندكردنی له ریفراندۆمێكدا بخرێته به‌ر ده‌ست هاووڵاتییان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی پێ بده‌ن.
دواى رووخانى رژێمی پێشوو، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له 30ی شوباتی ساڵی 2005 به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ئیئتیلافی عێراقی یه‌كگرتوو به رێژه‌ی 48% زۆربه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، كه ژماره‌یان 140 كورسی بوو.
یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان دوای رووخانی رژێم له 16ی مارسی 2005 به‌ڕێوه‌چوو، له 4ی نیسان/ ئه‌پریلی هه‌مان ساڵ حاكم ئه‌لحوسنیی عه‌ره‌بی سوننه به سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا و هه‌ریه‌ك له حوسێن شه‌هرستانی له عه‌ره‌بی شیعه و عارف ته‌یفور له پێكهاته‌ی كورد وه‌ك جێگرانی یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردران.
H.B