محەممەد عەلی کلای كۆچی دوایی كرد

سێ جار نازناوی پاڵەوانی جیهانی لە یاری بۆکسین لە کێشی قورس بەدەستهێناوە

K24 - ھەولێر

کاسیۆس مارێلوس کلای ناسراو بە محەممەد عەلی کلای، یەکێکە لە باونابانگترین یاریزانانی بۆکسین کۆچی دوایکرد.

بۆب گونێل، گوتەبێژی خانەوادەی محەممەد عەلی کلای، کۆچی دوایی ئەو یاریزانەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند:" دوای 32 ساڵ ململانێکردن لەگەڵ نەخۆشی، کلای لە تەمەنی 74ساڵیدا کۆچی دوایی کرد".

گونێل راشیگەیاند: "کلای 32 ساڵ بە دەست نەخۆشی پارکسنەوە ناڵاندی و نەخۆشییەکەی ببووە هۆی لەرزینی دەست و قاچ و دەموچاوی و توانای ئەوەی نەبوو بە شێوەیەکی تەندروست خۆی رابگرێت و دوای سێ ساڵ وازهێنانی لە یاریکردن ئەو نەخۆشییە لە جەستەی دەرکەوت".

محەممەد عەلی کلای کە هاووڵاتییەکی ئەمریکییە لە ژیانی وەزشیدا سێ جار نازناوی پاڵەوانی جیهانی لە یاری بۆکسین لە کێشی قورس بەدەستهێناوە.