رێژه‌ی به‌شداریكردن له ده‌نگدانی تایبه‌ت ئاشكرا كرا
K24 - هه‌ولێر:
كاتژمێر 6ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆتایی هات، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنیش رایگه‌یاند، راسته‌وخۆ دوای داخستنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان، ده‌نگه‌كان جیاده‌كرێنه‌وه و ئه‌ژمار ده‌كرێن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له پارێزگای كه‌ركووك 34 هه‌زار و 435 كه‌س له ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌نگیان داوه، كه رێژه‌ی به‌شداریكردن 62% بووه.
كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنیش روونیكرده‌وه، رێژه‌ی به‌شداریكردن له ده‌نگدانی تایبه‌ت له پارێزگای دهۆك 88% بووه، له پارێزگای هه‌ولێریش دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان به رێژه‌ی 88.2% بووه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، 72 هه‌زار و 715 كه‌س له مووسڵ مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه، 51 هه‌زار و 244 كه‌س ده‌نگیان داوه، واتا رێژه‌ی به‌شداریكردن 70% بووه.
لە کۆی 17 هه‌زار و 123 ده‌نگده‌ر له 9 بنكه‌ی سنووری ئیداره‌ی راپه‌ڕێن، 14 هه‌زار 984 كه‌س دەنگی داوە، کە رێژه‌ی به‌شداریكردن 87.5% بووه.
"ئیخڵاس دلێمی" كاندێكی پارتی له بنكه‌ی یه‌زداندۆخ له هه‌ولێر، لە كۆی 1726 دەنگ، 1224 ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه.
له خه‌لیفانیش له كۆی 1350 ده‌نگ، 1113 كه‌س ده‌نگیان داوه، كه 1058 ده‌نگ بۆ پارتی بووه و 28 ده‌نگیش بۆ هاوپه‌یمانی بووه.