كه‌می رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن مشتومڕی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌

سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا: له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بەشێك لە دەنگدەران سزای لایەنە سیاسیەکانیان داوە

K24- به‌غدا:

سەرباری رێگری لە هەموو جۆرە ساختەکاریه‌ك، بەڵام رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق له‌ئاستێكی زۆر نزمدا بوو، ئەمەش مشتومڕی شەقامی عێراقی و رێکخراوەکانی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ڤیولا ڤون، سەرۆکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق بە کوردستان 24ی راگەیاند، بەشێك لە دەنگدەران سزای لایەنە سیاسیەکانیان داوە، هاوکات کێشەی تەکنیکی لە رۆژی هەڵبژاردن و کەمی بەشداری کردنی ئاوارەکانیش بە هەمان شێوە، هۆکار بوون بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەشداریکردن له‌ پرۆسه‌كه‌دا .

بانگەشەی هەڵبژاردنی زۆربەی کاندیدەکان بەتایبەت سەربەخۆکان خاڵی بوو لە پلان بونیادنانی وڵات و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکە بووەکان، کە هاوڵاتی عێراقی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بۆیە وه‌ك زیا سەعدی، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی عێراق ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئەمه وای کرد کەمترین دەنگدەر بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.

چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و یەکلاکردنەوەی سکاڵای کاندیدە دەرنەچووەکان لە 20 رۆژی داهاتوو رابگەیەنرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاشکرای کردووه‌، له‌ 41% دەنگدەرانی عێراق دەنگیان داوە، واتا 59% دەنگدەرانی عێراق بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە.

H.B