سەدر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسند کرد

"بەدوای هاوپەیمانی نیشتمانیدا دەگەڕێین"
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر - ئەرشیف
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر - ئەرشیف

K24 - هەولێر

موقتەدا سەدر، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەند کرد و راشیدەگەیەنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتیەکی دوور لە تائیفیەت دەدەن.

موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتێکدا پەسندکردنی بڕیارەکانی کۆمسیۆن و ئەنجامی هەڵبژاردنی راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێستا کوتلەی سەدر گەورترین کوتلەی هەڵبژێردراوە.

سەدر دووپاتیشی کردووەتەوە، کە لە پێکهێنانی حکومەتدا هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتی نیشتمانی دوور لە تائیفیەت و نەژادی دەدەن و داواشی لە هەموو لایەک کردووە، بەشداری لە چاکسازی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و داگیرکاری و تیرۆر دا بکەن.

سەدر نووسیویەتی: "ئێمە بەدوای هاوپەیمانی نیشتمانیدا دەگەڕێین، نە مەزهەبی و نە نەژادی، کە چاودێری پاراستنی وڵات و ئاسایش و سەروەرییەکەی دەبێت".

درەنگانی شەوی رابردوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تەواوی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی راگەیاند، بەگوێرەی ئەنجامەکان رەوتی سەدر 73 کورسی بە دەستهێناوە و وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی داهاتوو هەژمار دەکرێت.