بارزانى بۆ شاندێكى فه‌ره‌نسا: پشتيوانى مافى چاره‌نووسى كورد بكه‌ن

له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ ئاينييه‌كاندا يان پێكه‌وه‌ ده‌مرين يان پێكه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌ستى ده‌ژين

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ميانى پێشوازيكردنى له‌ شاندێكى باڵاى ديپلۆماتى فه‌ره‌نسا رايگه‌ياند، له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ ئاينييه‌كاندا يان پێكه‌وه‌ ده‌مرين يان پێكه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌ستى ده‌ژين و داواشى له‌ شانده‌كه‌ كرد به‌رده‌وام بن له‌ پشتيوانيكردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ و پرسى ده‌ستنيشانكردنى چاره‌نووسى گه‌لى كوردستان.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازيكردووه‌ له‌ فەرەنسیس فیلۆن سەرۆك وەزیرانی پێشوو و ئەندامی پارلەمانی ئێستای فەرەنسا و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوو لە چەند سێناتۆر و پارلەمانتاری پارتی كۆماریی فەرەنسا و كونسوڵی ئەو وڵاتە لە شاری هەولێر.

وه‌ك له‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌دا هاتووه‌: لە دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی پێشووی فەرەنسا ستاییشی رۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووه‌ لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و پێزانینیشی بۆ خەڵكی كوردستان هەبوو كە بوونەتە پەناگەی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو.

هەروەها وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كردووه‌، ئەوەیشی خستوه‌تەڕوو كە بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە هاتوونە كە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكەن و ئەوەیشی باس كرد كە دەیانەوێ هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یارمەتیدانی زیاتری گەلی كوردستان.

له‌ به‌رامبه‌ردا، بارزانی باسی لە هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆیی و سەرەتاكانی هاتنی داعش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە داعش تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر پێكهاتەیەكی دیاریكراو بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و ژیان و ڕووبەڕووبوونەوەیشی هەوڵێكی جدی و هەمەلایەنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە لە بوارەكانی سەربازی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی و كۆمەڵایەتیدا.

سه‌باره‌ت به‌ پرسى پێكهاته‌ ئاينييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارزانی ئەوەی خستووه‌تەڕوو كە چارەنووسی هەموومان لەم وڵاتە پێكەوە بەستراوە و بە خوشك و برا مەسیحییەكانم ڕاگەیاندووە كە بیر لە جێهێشتنی وڵات نەكەنەوە یان هەموومان بەیەكەوە دەمرین یان بەیەكەوە بە ئازادی و سەربەستی دەژیین.

ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە لەنێو خەڵكی كوردستان هیچ جۆرە حەساسییەتێكی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی بوونی نییە و پێكەوەژیان شێوەی فەرهەنگێكی مێژوویی وەرگرتووە.

بارزانی ئەوەیشی بۆ شاندی میوان باس كرد كە دەبێ بیر لە قۆناغی دوای داعش بكرێتەوە و رێككەوتنێكی وا بكرێت كە ژیانی پێكهاتەكان و ئاسوودەییان گەرەنتی بكرێت كە چیتر تووشی كارەسات نەبنەوە.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعود بارزانی داوایشی لە شاندی میوان كرد، كە بەردەوام بن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی.