نرخی نهوت بۆ بەرزترین ئاستی چەند ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە
K24 - ههولێر:
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا جارێکی دیکە بۆ بەرزترین ئاستەکانی چەند ساڵی رابردووی بەرزبووەوە، بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەش بەهێزی خواستە لە ئەمهریکا و چەندین وڵاتی دیکە، کە ئابوورییەکانیان دوای دەرهاویشتەکانی کۆرۆنا دەبوژێتەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی پێوانەیی بە رێژەی سەدا 0.8 بۆ 86.24 دۆلار بەرزبووەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی سەدا 1 بۆ 84.53 دۆلار بەرزبووەوە.
دوای زیاتر لە ساڵێک لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی، ئێستا جارێکی دیکە بەکارهێنانی بەنزین و بەرهەمەکانی دیکەی پاڵاوگەکان بۆ بەرزترین ئاستی پێنج ساڵی لە ئەمهریکا بەرزبووەتەوە، کە گەورەترین بەکاربەری سووتەمنییە لە جیهان.
هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەڵکشانی مەترسییەکانە لەبارەی کورتهێنانی خەڵووز و گازی سرووشی لە چین و هیندستان و ئەوروپا، کە وایکردووە، وێستگەکان روو لە بەکارهێنانی سووتەمەنی دیزڵ و بەرەهەمەکانی نەوت بن بۆ بەرهەمهێنانی وزە.