دوو لیوای هاوبەش لە ناوچە کوردستانییەکان دادەمەزرێن

ئه‌م دوو لیوایە تایبەت دەبێت به‌ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچە کوردستانییەکان
دوو لیوای هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان داده‌مه‌زرێن
دوو لیوای هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان داده‌مه‌زرێن

K24 - هه‌ولێر:

به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی دوو لیوای هاوبه‌ش، شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کۆبوونەوە.

شاندی باڵای هەماهەنگی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی "جەمال ئێمینکی"، سەرۆک ئەرکان و شاندی باڵای هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی "عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری"، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کۆبوونەوە.

كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق
كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هێزەکانی هاوپەیمانان تێیدا ئامادەبوون، باس لە دوایین هەنگاوەکانی دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش کرا، لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقی، ئەرکی ئەم دوو لیوایە تایبەت دەبێت بە پڕکردنەوە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو شوێنانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدایە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. هەروەها باس لە بەڕێوەچوونی کارەکانی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرا.

هێزەکانی هاوپەیمانانیش بەڵێنیاندا، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراقی بەتایبەت بۆ دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش.